پۆلیسی فەڕەنسا لە پاریس گازی فرمێسک ڕێژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەیەکی قەدەغەکراوی دەربڕینی لایەنگری بۆ گەلی فەڵەستین و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە فەڕەنسیاییەکان کرد بە یەکگرتوویی بمێننەوە و خۆیان بە دووربگرن لە هێنانی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بۆ ناو فەڕەنسا.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە ماوەی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکانی بۆ لایەنگریکردن لە فەڵەستینییەکان قەدەغە کرد، وتی "دەکرێت ببنە هۆی خستنەوەی پشێوی و کاری تێکدەرانە."
گەورەترین کۆمەڵگەی موسوڵمانان و جووەکان لە ئەوروپادا لە فەڕەنسا دەژین. زۆرجار لە ڕابردوودا ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژیی لە ناوخۆی فەڕەنسادا.
ماکرۆن وتی "ئەم ڕووداوە بومەلەرزەیە بۆ ئیسڕائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەروو ناوچەکەش. با لێرە شوێن سەرکێشی ئایدیۆلۆژی نەکەوین لە ڕێی لاساییکردنەوەوە."
وتی "با لە ڕێی خەیاڵات و حساباتەوە دووبەرەکی ناوخۆیی زیاد نەکەین و نەیگۆڕین بۆ دووبەرەکی نێودەوڵەتی. یەکگرتوویی لە زیادەڕۆیی و ڕق و کینە دەمانپارێزێت."
ماکرۆن وتی حکومەتەکەی پاراستنی شوێنی جووەکانی لەلایەن پۆلیسەوە زیاتر کردووە، لەوانەش خوێندنگا و پەرستگاکان، وتیشی هیچ بیانوویەک نیە بۆ کاری دڕندانە.
وتی " ئەوانەی کە پرسی فەڵەستینییەکان تێکەڵ دەکەن لەگەڵ پاساوی تیرۆردا هەڵەیەکی ئەخلاقی و سیاسیی و ستراتیژی دەکەن."
سەرەڕای قەدەغەکردنی گردبوونەوەکان بۆ لایەنگریکردن لە حەماس، چەند سەد خۆپیشاندەرێکی لایەنگری فەڵەستینییەکان بە چەند گروپێکی جیاوە لە ناوەڕاستی پاریسدا کۆبوونەوە، لە کاتێکدا کە پۆلیس نەیدەهێشت یەکبگرن.
خۆپیشاندەران هاوارییان دەکرد " ئیسڕائیلی بکوژ " و " ماکرۆنی هاوبەشی تاوانەکە". ماکرۆن پێشتر هێرشە کوشندەکەی حەماسی بۆ سەر ئیسڕائیل سەرکۆنە کردبوو و هەروەها هاوسۆزی خۆی بۆ ئیسڕائیل دەربڕی.
لە ماوەی ڕابردوودا حەماس داوای خۆپیشاندانی کرد لە سەرانسەری جیهانی موسوڵمانان، ئەوەش بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانیی بۆ فەڵەستینییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز