Accessibility links

بەرپرسانی هەڵبژاردنەکان دەڵێن کێشەکان لە پۆستەی ئەمەریکادا ڕەنگە دەنگدان تێک بدات


بەرپرسانی ویلایەت و ناوخۆ لە سەرانسەری ئەمەریکادا هۆشدارییاندا لەسەر کێشەکانی سیستمی گەیاندنی پۆستەکان لە وڵاتەکەدا کە مەترسییان دروست کردووە لەسەر بێبەشکردنی دەنگدەران لە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا، بە بەرپرسی خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکا دەڵێن کە هێشتا کێشەکانی چارەسەر نەکردووە.

لە نامەیەکدا بەرپرسەکان دەڵێن ساڵی ڕابردوو ئەو دەنگانەی کە بە پۆستە نێردراون و لە کاتی خۆیدا ستامپییان لێدراوە، بە دەنگەکانی هەڵبژاردنە بەراییەکانیشەوە کە لەمدواییانەدا تەواو بوو، چەند ڕۆژێک دوای تەواوبوونی وادەی جیاکردنەوەی دەنگەکان گەیشتوونەتە بنکەکانی دەنگدان. وتیشیان ئەو دەنگانەی کە بە پۆستە نێردراون و بە شێوەیەکی دروستیش ناونیشان کراون گەڕێندراونەتەوە بۆیان، ئەم کێشەیەش دەکرێت دەنگدەران لە دەنگدان بێبەش بکات بەبێ ئەوەی هەڵەی خۆیانی تێدا بێت، هەروەها ڕەنگە بێسەروبەری دروست بکات کاتێک ئەو دەنگدەرانە دەچنە سەر سندووقی دەنگەکان.

بەرپرسەکان وتیشیان پەیوەندییان بە خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکاوە کردووە تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام چارەسەرییان نەکردووە و سروشتی کێشەکە دەریخستووە کە ئەمە " هەڵەی کەسێک یاخود ناوەندێکی دیاریکراو نیە، بەڵکو پیشانی دەدات کە ئەمە نەبوونی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکایە لەلایەن کارمەندەکانییەوە."

نامەکە بۆ سەرۆکی خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکا لویس دیجۆیەوە لەلایەن دوو گروپەوە نێردراوە کە نوێنەرایەتی بەڕێوبەرە باڵاکانی هەڵبژاردنەکان دەکەن لە سەرجەم 50 ویلایەتەکەدا.

لە نامەکەدا بە دیجۆی دەڵێن " هیچ هەوڵێکی بەرجەستە و باشکردنمان نەبینیوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانماندا."

دەڵێن " داوات لێدەکەین دەستبەجێ ڕێوشوێنی ڕاستکردنەوە بگریتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کشەکانی خزمەتگوزاری پۆستەدا لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا. شکستهێنان لەو کارە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕێژەی بەشداری دەنگدەران و متمانەکردن بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان."

ڕۆژی چوارشەممە خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکا جەختی لە دڵنیاییدانەکەی دیجۆی کردەوە و وتی خزمەتگوزارییەکە لە پێگەیەکدا دەبێت کە بە خێرایی پۆستەی هەڵبژاردنەکان دەگەیەنێت سەرەڕای ئەوەی لە نێوەندی نوێکردنەوەی تۆڕەکەیدایە کە بووەتە هۆی دروستکردنی کێشە لە گەیاندنی پۆستەکاندا. بەرپرسان وتییان پۆستەکان بە تێکڕا لە 2.7 ڕۆژدا دەگەن.

ئادریان مارشاڵی بەڕێوبەری پۆستەی هەڵبژاردنەکان و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت وتی " ئێمە ئامادەین بۆ گەیاندن. لە ساڵی 2020 دا سەرکەوتوو بووین لە گەیاندنی ئەو قەبارە مێژووییەی دەنگەکانی ناو سندووقەکانی دەنگداندا، لە ساڵی 2022 شدا سەرکەوتوو بووین و لە مانگی یانزەی ساڵی 2024 یشدا سەرکەوتوو دەبین."

دوو گروپەکە، ئەنجومەنی نیشتیمانی سکرتارییەکانی ویلایەت و ئەنجومەنی نیشتیمانی بەڕێوبەرانی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکان، وتییان بەرپرسانی ناوخۆ لە " نزیکەی سەرجەم ویلایەتەکان " دەڵێن هەندێک لە دەنگەکان کە بە پۆستە نێردراون و لە کاتی خۆیدا ستامپییان لێدراوە لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بە دەستییان گەیشتووە.

نامەکە کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت دیجۆی لە چاوپێککەوتنێکدا وتی خزمەتگوزاری پۆستە ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێشاوی پۆستەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی یانزەدا.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا لە نێوەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەرپرسانی هەڵبژاردنەکان وتییان زیاتر لە 69 ملیۆن دەنگییان بە پۆستەدا ناردووە، ئەوەش زۆر زیاتر بووە لە ژمارەکەی چوار ساڵ لەوەوبەر.

لە کاتێکدا کە پێدەچێت ئەو ژمارەیە ئێستا کەمتر بێت، بەڵام زۆرێک لە دەنگدەران ڕاهاتوون لە ڕێی پۆستەوە دەنگ بدەن و پشتییان پێبەستووە. دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش هەوڵییانداوە هانی خەڵکەکە بدەن زووتر دەنگ بدەن، ڕاستەخۆ یاخود لە ڕێی پۆستەوە بۆ ئەوەی پێش ڕۆژی هەڵبژاردنەکان لە 5 ی مانگی یانزەدا دەنگەکانییان ئامادە بن.

بەرپرسان لە ویلایەتە دوورە دەستەکان چەندین ساڵە ڕەخنە لە خزمەتگوزاری پۆستە دەگرن. سکرتێری ویلایەتی کانساس سکۆت شواب لە نامەیەکی خۆیدا بۆ دیجۆی وتوویەتی لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی 6 ی مانگی هەشتدا نزیکەی 1000 سندووقی دەنگدان نەتوانراوە بژمێردرێن چونکە زۆر درەنگ گەیشتوون یاخود ستامپییان لێ نەدراوە.

شواب وتی " ئێستا پۆنی ئێکسپرێس باشترە."

شواب و بەرپرسانی دیکەی هەڵبژاردنەکانی کانساس وتوویانە کە هەندێک لە سندووقەکانی دەنگدان لە کاتی خۆیدا دەگەن بەڵام ستامپییان پێوە نیە. ئەوەش بەپێی یاسای کانساس ناتوانرێت بژمێردرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG