Accessibility links

دەزگاکانی ڕاگەیاندن: پوتن داوای پێشنیاری فەرماندە سەربازییەکانی کردووە سەبارەت بە پلانەکانی ئۆکرانیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا دەڵێن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داوای لە فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی کردووە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن سەبارەت بەوەی پێیان وایە دەبێت چۆن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

دەزگای هەواڵی تاس و ئینتەرفاکس بڵاوییان کردەوە ڕۆژی هەینی پوتن لە میانەی سەردانێکدا بۆ بارەگای ئەرکە هاوبەشەکان پێشنیاری فەرماندە سەربازییەکانی وەرگرتووە لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

تاس لە زاری پوتنەوە بڵاویکردەوە " گوێ لە فەرماندەکانی سەرجەم ئاڕاستەکانی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرین، منیش دەمەوێت گوێبیستی پێشنیارەکانتان بم سەبارەت بەو کارانەی دەستبەجێ ئەنجامییان دەدەین و ئەوانەشی کە لە مەودایەکی ناوەند و درێژخایەندا ئەنجامییان دەدەین."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئیتنەرفاکسی وت پوتن هەموو ڕۆژی هەینیی لە بارەگاکە بەسەربردووە.

هیچ وردەکارییەکی دیکە سەبارەت بە سەردانەکەی پوتن یاخود شوێنی بارەگاکە بڵاونەکراوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG