Accessibility links

پوتن: مۆسکۆ چەکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت ڕووسیا چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات، ئەمەش لە دوای ساڵەکانی نەوەدەکانەوە یەکەم جارە ڕووسیا ئەو جۆرە چەکە لە دەرەوەی وڵاتەکەی جێگیر بکات.

ئەم ڕاگەیاندنەی پوتن لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لەسەر جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا زیاتر بوون.

تاوەکو ئێستا دیار نینە ڕووسیا چەند چەکی تەکتیکی ئەتۆمی هەیە کە لە توانایاندایە شارەکان وێران بکەن.

شارەزایان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە ئەم پەرەسەندنە گرنگە چونکە ڕووسیا تاوەکو ئێستا شانازی بەوەوە دەکرد کە چەکە ئەتۆمییەکانی ڕەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی نەکردووە، بە پێچەوانەی ئەمەریکاوە کە چەکە ئەتۆمییەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی جێگیر کردووە.

جێی ئاماژەیە بێلاڕووس سنووری لەگەڵ سێ وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆدا هەیە: پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا.

بەڕێوبەری پڕۆژەی زانیاری ئەتۆمی لە فیدراسیۆنی زانایانی ئەمەریکا، هانس کریستینسن وتی " ئەمە بەشێکە لە یارییەکەی پوتن بۆ ترساندنی ناتۆ، چونکە بوونی ئەم چەکە لە بێلاڕووس هیچ سوودێکی سەربازیی نیە، چونکە زۆرێک لەم چەک و هێزانە لە ناو ڕووسیادا هەن."

پوتن بە کەناڵی ڕووسیای وت سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ ماوەیەکی زۆرە باسی لە بابەتی جێگیرکردنی چەکی تەکتیکی ئەتۆمی ڕووسی کردووە لە وڵاتەکەیدا.

پوتن وتی " لێرەدا هیچ شتێکی نائاسایی نییە، ئەمەریکا چەند دەیەیەکە ئەمە دەکات. ماوەیەکی زۆرە چەکی تەکتیکی ئەتۆمییان لەسەر خاکی وڵاتانی هاوپەیمانی جێگیر کردووە."

وتیشی " ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی ئێمەش هەمان شت بکەین، بەبێ پێشێلکردنی هیچ بەرپرسیارێتییەک، جەخت لەمە دەکەمەوە: بەبێ پێشێلکردنی هیچ بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتیمان لەسەر بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی."

ڕووسیا تاوەکو 1 ی مانگی حەوت دروستکردنی ناوەندێکی کۆگای چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکان لە بێلاڕووس تەواو دەکات.

پوتن وتی " ئێمە ' چەکە ئەتۆمییەکانمان ' ڕادەست ناکەین. ئەمەریکاش ' چەکە ئەتۆمییەکانی ' ڕادەستی هاوپەیمانەکانی نەکردووە. ئێمە تەنها هەمان شت دەکەین کە ئەوان بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە دەیکەن."

وتیشی " ئەوان لە هەندێک وڵاتدا هاوپەیمانیان هەیە و مەشق دەکەن بە تیمەکانیان. ئێمەش هەمان شت دەکەین."

پوتن ئەوەی خستەڕوو ڕووسیا 10 فڕۆکەی لە بێلاڕووس جێگیر کردووە کە لە توانایاندا هەیە چەکی ئەتۆمی هەڵبگرن، وتیشی مۆسکۆ پێشتر ژمارەیەک لە سیستمی موشەکی تەکتیکی ئیسکاندەری ڕەوانەی بێلاڕووس کردووە کە دەتوانن چەکی ئەتۆمی هەڵبدەن.

بەرپرسێکی باڵای ناوەندی داماڵین و قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک لە ڤییەنا، نیکۆلای سۆکۆل وتی " ئەمە جووڵەیەکی زۆر گرنگە. ڕووسیا هەمیشە شانازی بەوەوە کردووە کە چەکی ئەتۆمی لە دەرەوەی وڵاتەکەیدا جێگیر نەکردووە. ئێستا ئەوە دەگۆڕن و ئەوەش گۆڕانێکی گەورەیە."

کاتێک لە ساڵی 1991 دا یەکێتی سۆڤییەت ڕووخا، چەکی ئەتۆمی لە چوار وڵاتی نوێ جێگیر کرابوو، ئەوانیش ڕووسیا و ئۆکرانیا و بێلاڕووس و کازاخستان بوون.

لە مانگی پێنجی ساڵی 1992 دا چوار وڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دەبێت چەکەکان لە ڕووسیا جێگیر بکرێن، لە ساڵی 1996 دا گواستنەوەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە ئۆکرانیا و بێلاڕووس و کازاخستانەوە بۆ ڕووسیا تەواو بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG