ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئەو قسەیەی ڕەت کردەوە کە دەوترێت دوورخرانەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد شکستێک بوو بۆ ڕووسیا.
پوتن لە ماوەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ساڵانەیدا وتی ڕووسیا " ئامانجەکانمانی بە دەستهێناوە " لە سوریادا، کە لەوێ بە خێرایی لە ڕووی سەربازییەوە دەستیکرد بە یارمەتیدانی حکومەتەکەی ئەسەد لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا و پاراستنی دەسەڵاتەکەی ئەسەد.
هێزەکانی ڕووسیا لە چەندین بنکەوە لە سوریاوە هێرشی ئاسمانییان دەکردە سەر گروپە چەکدارییە یاخیبووەکان و ئەوەش یارمەتی سوپاکەی ئەسەدیدا لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.
دوای ئەوەی پێشتر لەم مانگەدا یاخیبووەکان جارێکی دیکە لە ناکاو سەرییانهەڵدایەوە بۆ لە ناوبردنی حکومەتەکەی ئەسەد، ئەسەد هەڵات بۆ ڕووسیا.
ڕۆژی پێنجشەممە پوتن وتی هێشتا لەگەڵ ئەسەددا کۆنەبووەتەوە بەڵام پلانی هەیە ئەو کارە بکات. وتی لەگەڵ ئەسەددا باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکات، لە نێویشیاندا شوێنی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکە، ئۆستن تایس، کە لە ساڵی 2012 دا لە ماوەی کارکردنیدا لە سوریا بێسەروشوێن بوو و تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نیە.
پوتن وتیشی دەربارەی تایس لەو کەسانەش دەپرسێت کە ئێستا سوریایان کۆنتڕۆڵ کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی سوریاییەکان ڕووبەڕووی دەرفەتێک بوونەتەوە لە کاتێکدا کاردەکەن بۆ گۆڕان لە دەیان ساڵ لە فەرمانڕەوایی بنەماڵەکەی ئەسەدەوە بۆ داهاتوویەکی نوێ.
بلینکن لە بۆنەیەکدا لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان وتی پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سوریاییەکان " بۆ یەکەمین جار دوای دەیان ساڵ لە فەرمانڕەوایەتیکردنییان لەلایەن دیکتاتۆرێکەوە ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە کە ڕێگە نەدەن هێزێکی دەرەکی، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، خێڵێک یان کەمینەیەک فەرمانڕەوایەتییان بکات یان نا."
هەروەها ئاماژەی بە یاخیبووەکانیشدا کە دەسەڵاتییان گرتووەتە دەست و ئەو دەرفەتەشی کە لەبەردەستییاندایە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا و کارێک نەکەن کە ببێتە هۆی پەراوێزخستنی وڵاتەکە.
بلینکن باسی لە نموونەی تاڵیبان کرد لە ئەفغانستان، وتی تاڵیبان بەڵێنیدا کراوەتر بێت دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە، بەڵام دواجار ئەوەی نەکرد و ئێستا " لە سەرانسەری جیهاندا پەراوێز خراوە."
وتی ئەوانەی سوریا پێویستە وڵاتەکە ببەن بۆ پێشەوە بەرەو شێوازێکی گشتگیر و نا تائیفی، بۆ پاراستنی کەمینەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە ئاسایشییەکانی وەکو چەکی کیمیایی و گروپەکانی وەکو ڕێکخراوی داعشدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا