Accessibility links

ئەمەریکا زانیاری دەوێت لەسەر ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئێران


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ملیۆنان دۆلاری تەرخان کردووە بۆ خەڵاتکردنی ئەوانەی زانیاری دەدەن لەسەر ڕێبەری ئەلقاعیدە و ڕێبەرانی دیکەی گروپەکە لە ئێران.

بەشی بەرنامەی خەڵاتکردن لە پـێناو دادوەریی Rewards for Justice ی سەر بە وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر ئەیمەن ئەلزەواهری ڕێبەری ڕێکخراوی قاعیدە کە هاوپەیمانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، ئەوا بۆی هەیە هەتا 25 ملیۆن دۆلار خەڵات بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە ژمارە تەلەفۆنێکی داناوە کە دەکرێت بە ڕێگەی ئاپەکانی مۆبایل، وەکو تیلگرام و سیگناڵ و واتساپ پەیوەندی پـێوەبکرێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوە 10 ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ خەڵاتکردنی هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر یاسین ئەلسوری کە یەکێکە لە گەورە کاربەڕێکەرانی قاعیدە و ڕێبەری تۆڕی ڕێکخراوەکەیە لە ئێران و کارئاسانی دەکات بۆ جموجۆڵی گەورە ئەندامانی قاعیدە لە پاکستانەوە بۆ سوریا و هەروەها ئەو کەسانەی دەکرێنە ئەندامی قاعیدە ئەو دەیاننێرێت بۆ سوریا لە ڕێگەی تورکیاوە.

کەسێکی دیکەش بە ناوی سەیف ئەلعەدل، ئەویش وەزارەتی دەرەوە 10 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ خەڵاتکردنی هەر کەسێک زانیاری لەبارەیەوە بدات.

ناوبراو ڕێبەرێکی گەورەی قاعیدەیە و ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی کۆمیتەی لەشکری ڕێکخراوەکەیە و بارەگاکەی لە ئێرانە. تاوانباریشە بە تەقینەوەکانی ساڵی 1998 ، ئەوانەی لە هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەنزانیا و نەیروبی ڕوویان دا و بوونە هۆی کوژرانی 224 کەسی سیڤیل و برینداربوونی زیاتر لە 5 هەزار کەس.

دواتر عەبدول ڕەحمان ئەلمەغربی، ئەویش ئەمیر و سەرکردەیەکی قاعیدەیە کە لە ئێران کاردەکات و بەرپـرسی چالاکیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی قاعیدەیە و هەروەها بەرپـرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەیە ئەوەی بە (السحاب) ناسراوە. بەشی خەڵاتی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات و ببێتە مایەی زانینی ناسنامەکەی یان شوێنەکەی ئەوا هەتا 7 ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت.

XS
SM
MD
LG