سەرۆک وەزیری قەتەڕ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلثانی هۆشداری سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردن سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەڵێت ئەوە ئەگەر ڕووبدات، وادەکات وڵاتانی ناوچەکە بەبێ ئاو بمێننەوە.
سەرۆک وەزیری قەتەڕ لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ تاکێر کاڕڵسۆن کە نزیکە لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە، وتی دەوحە لێکۆڵینەوەی بۆ کاریگەرییەکانی هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجامداوە.
وتی دەریاکە " بە تەواوەتی پیس دەبێت " و قەتەڕ " لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئاوی نامێنێت."
وتی دروستکردنی عەمبارەکان توانای ئاوییان زیاد کردووە، بەڵام مەترسییەکە لەسەر " هەموومانە " لە ناوچەکەدا.
شێخ محەمەد لە چاوپێککەوتنەکەدا کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە و لە هەمان ڕۆژدا بوو کە سەرۆک ترامپ وتی بانگهێشتی ئێرانی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی، وتی " نە ئاو، نە ماسی، هیچ شتێک، نە ژیان، نامێنن."
سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند "زۆر زوو بەم نزیکانە" لە پەیوەندی بە ئێرانەوە "شتێک ڕوودەدات،" و دەڵێت جیهان لە ساتێکی سەرنجڕاکێشی مێژوودایە.
سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند، "بەو هیوایەی بتوانین ڕێککەوتنێکی ئاشتیمان لەگەڵیان هەبێت. من لێرەدا باسی بەهێزی و لاوازی ناکەم، تەنها دەڵێم وام پێباشترە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ببینم لەجیاتی ئەوەی تر. جا ئەوەی تر کێشەکە چارەسەردەکات."
سەرۆک وەزیری قەتەڕ بە تاکێر کارلسۆنی ڕاگەیاند دامەزراوە ئەتۆمییەکانی باشووری ئێران لە دەۆحەوە نزیکترن تا لە تاران.
سەبارەت بە "ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران"، ئال سانی وتی ڕووداوێکی لەو شێوەیە تەنیا دەبێتە هۆی دەستپێکردنی شەڕێک کە هەموو ناوچەکە تێیدا بەشدار بێت. "چونکە سروشتییە هەر وڵاتێک هێرش بکرێتە سەری، وەڵام دەداتەەوە."
وتیشی ئەگەر هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕووبدات، ئێران لە ناوچەکەدا وەڵامی دەداتەوە. کەس ئەوەی ناوێت. قەتەر پشتیوانی هیچ هێرشێکی سەربازی ناکات. "هیوادارین ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ببینین".
کارلسۆن لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی لەڕووی ژینگەیەوە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەبێتە هۆی کارەسات و پرسیاری لە سەرۆک وەزیری قەتەڕ کرد کە ئایا وڵاتەکەی بۆ ئەگەرێکی وا ئامادەیە؟
ئەلسانی لە وەڵامدا وتی ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەنجام بدرێت و دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆردومان بکرێن، "ئاوی کەنداو پیس دەبێت و ئەگەر ئەم هێرشە ڕووبدات، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر قەتەر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دروست دەکات."
وتیشی "ژینگەی ناوچەکە پیس دەبێت و قەتەر و ئیمارات و کوەیت نەوەک هەر ئاو، بەڵکو هیچ خۆراکێکیان نابێت بۆ خواردن.