مەنال ئەلفەخانی کە خۆی موسڵمانە و بەڕۆژوو دەبێت، شارەزایە لە ماددە خۆراکییەکان لە زانکۆی ویلایەتی پێنسلڤەینیا. ئەو دەڵێت لە کاتێکدا زۆر کەس دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت، پلاندانانی پێشوەخت و بیرکردنەوە لە ماددە خۆراکییەکان لە مانگی ڕەمەزان دەتوانێت مانگەکە زۆر مانادارتر بکات.
ئەو دەڵیت منداڵان و بەساڵاچووان و دووگیان و دایکانی شیردەر ناتوانن بە ڕۆژوو ببن. ئەوانەی کە شەکرە، نەخۆشی دڵ یاخود نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکەیان هەیە دەبێت سەرەتا قسە لەگەڵ پزیشکەکانییاندا بکەن پێش ئەوەی بڕیار بدەن بە ڕۆژوو ببن یان نا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بەردەوام دەرمان دەخۆن.
ئەلفەخانی وتی " دەبێت تەندروستییەکی زۆر باشت هەبێت بۆ ئەوەی بە ڕۆژوو ببیت."
شارەزایانی ماددە خۆراکییەکان دەڵێن لە پارشێودا دەبێت خۆراکێکی هەمەجۆر بخورێت.
سۆنیا ئیسلام شارەزا لە بواری خۆراک و ماددە خۆراکییەکاندا لە زانکۆی کۆمۆنوێڵثی ڤێرجینیا دەڵێت لە منداڵیدا بۆ پارشێوکردن، دایکی مۆزێک و پەرداخێک شیری پێداوە و دەڵێت ئەوە کارێکی ژیرانە بووە لەو ژەمەدا کە دایکی لە پارشێواندا پێیداوە و ژەمەکەی تێکەڵەیەک بووە لە فایبەر و پڕۆتین.
وتی لەکاتی بەڕۆژووبوون " هەبوونی وزەیەکی باش کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت زۆر گرنگە."
سۆنیا پێشنیاری ئەو خۆراکانە دەکات کە چەوری تەندروستییان تێدایە، وەکو ئاڤۆکادۆ و چەرەسات، هەروەها ئەو میوانەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە فایبەرییان تێدایە. دەڵێت شیرینی باش نیە چونکە بە خێرایی هەرس دەبن و دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی ئارەزووی زیاتر بکەیت.
شارەزایان دەڵێن خۆبەدوورگرتن لە چا و قاوە شتێکی باشە و لە جیاتی ئەوانە دەکرێت ئاو یاخود ئەو خواردنەوانەی کە کافینییان تێدا نیە بخورێنەوە.
کاتژمێرەکانی بە ڕۆژووبوون لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، شارەزایان دەڵێن دەبێت گوێ لە جەستەت بگریت کاتێک بە ڕۆژوو دەبیت.
ئەلفەخانی هەوڵدەدات لە ماوەی ڕۆژەکەدا زۆر کارنەکات و دوای ڕۆژووشکاندن کارەکانی بەڕێوەببات.
پیاسەیەکی کورت یاخود وەرزشێکی کەم دەتوانێت ئاستی وزە لە لەشدا بەرز بکاتەوە و مێشک بە چالاکی بهێڵێتەوە. ئەوانەی کە بەردەوام وەرزش دەکەن نابێت دەستبەجێ دوای ڕۆژووشکاندن و نان خواردن وەرزش بکەن، یاخود درەنگانێکی شەو، ئەوەش لە پێناو خۆبەدوورگرتن لە وشکبوونەوە.
ئێوارە دوای نان خواردن هەوڵبدە زۆر دانەنیشیت چونکە ئەوە وادەکات جەستە تەمبەڵ بێت.
هەندێک ڕۆژووەکانییان بە پەرداخێک ئاو دەشکێنن یاخود خواردنەوەیەکی گەرم یان خورما کە دەوڵەمەندە بە فایبەر. دوای ئەوە خواردنێکی سووک و چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دەتوانیت شتێکی دیکە بخۆیت.
زایبا جیتپوری لە ناوەندی تەندروستی یو تی دەڵێت " دەبێت ئاگاداری خواردن بیت و گوێ لە جەستەت بگریت کاتێک برسییەتی، نەک هەموو کاتێک بخۆیت."
سەرچاوە/ AP