سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە کەوتنەوە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا لە ناوچەیەکی شاخاوی لە نزیک سنووری ئازربایجان گیانی لە دەستدا.
کاردانەوەکانن سەبارەت بە مەرگی ڕەئیسی بەم شێوەیەیە:
سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی وتی " زۆر دڵگران بووین بە بیستنی هەواڵی کارەساتاویی گیان لە دەستدانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان و هاوەڵەکانییان، بەداخەوە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیەوە لە باکووری ئێران. پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و ئێران و حکومەتەکەی و گەلەکەشی. هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەلی برای ئێران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم کارەساتە بە ئازارەدا."
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵز میشێل لە ئێکس نوسیویەتی " یەکێتی ئەوروپا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە مەرگی سەرۆک ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە عەبدوڵاهیان و ئەندامانی شاندەکەیان و ستافەکەش لە ڕووداوی هێلیکۆپتەرەکەدا."
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕەئیسی و عەبدوڵاهیان بە " هاوڕێی ڕاستەقینە و متمانەپێکراوی وڵاتەکەمان " ناسرابوون.
وتیشی " ڕۆڵی ئەوان لە پتەوکردنی هاریکاریی نێوان ڕووسیا و ئێران کە سوودبەخش بووە بۆ هەردوولا و هاوبەشییە متمانەپێکراوەکەی نێوانییان بەهایەکی بێئەندازەی هەیە."
وتیشی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و هاوڕێی قوربانییەکان و سەرانسەری گەلی ئێرانی دۆست دەکەن. لەم ساتە خەمبارەدا دڵمان لەگەڵتاندایە."
ژاپۆنیش بە هەمان شێوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی حکومەت و گەلی ئێران کرد لەسەر مەرگی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ لە ئێکس نوسیویەتی " بە تەواوەتی دڵگران بووم بەوەی ماڵئاوایی لە کەسێکی نموونەیی بکەن، سەرکردەیەکی سەرسوڕهێنەری جیهانی وەکو ئیبراهیمی برامان، هەمیشە براشمان دەبێت، مرۆڤێکی زۆر باش بوو، بەرگریکاری سەروەری گەلەکەی بوو و هاوڕێیەکی بێ مەرجی وڵاتەکەمان بوو."
وتی " لە خاکەکانی بۆلیڤاریاوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و هیوای دڵنەواییەکی خودایی دەخوازین بۆ ئەم لە دەستدانە هەستیارە."
مەریەم ڕەجاڤی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی بەرخۆدانی نیشتیمانی گروپی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە بنکەکەی لە پاریسە وتی " ئەمە لێدانێکی ستراتیژی مۆنۆمێنتاڵ و قەرەبوو نەکراوەیە بۆ مەلاکانی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و سەرانسەری ڕژێمەکە، کە بە کۆمەڵکوژی و لە سێدارەدان بە ناوبانگن."
وتیشی " ئەمە دەبێتە هۆی چەندین دەرەنجام و قەیران لە نێو دەسەڵاتە ثیۆکراتیکە چەوسێنەرەکەدا، هەروەها یاخیبوونی گەنجانیشی لێدەکەوێتەوە."
وتی " نەفرەتی دایکان و ئەوانەی هەوڵی دادپەروەری دەدەن بۆ لە سێدارەدراوەکان و نەفرەتی گەلی ئێران و مێژوو، میراتی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو، کە بە ئەنجامدەری کۆمەڵکوژی زیندانییانی سیاسیی لە ساڵی 1988 بە ناوبانگە."
سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح ئەلسیسی وتی " سەرۆکی کۆماری عەرەبی میسڕ پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی دۆستی ئێران دەکەین، نزاش دەکەین بۆ سەرۆکی مردووی ئێران و داوا لە خودای مەزن دەکەین بەزەیی پێیاندا بێتەوە، هەروەها دڵنەوایی خێزانەکانیشیان بداتەوە."
حزبوڵای لوبنانیش لە بەیاننامەیەکدا وتی " دڵگرانین بە شەهیدبوونی ڕەئیسی و عەبدوڵاهیان و ئەوانی دیکەش لەم ڕووداوە کارەساتاوییەدا."
هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی ڕابەری باڵای ئێران و بەرپرسانی ئایینی و سەرکردەکانی ئێران و گەلەکەی کرد.
پاشا عەبدوڵای ئوردن وتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی براکان و سەرکردایەتی و حکومەت و گەلی کۆماری ئیسلامی دەکەم لەسەر مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی برا، وەزیری دەرەوە حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیانی برا و ئەوانەشی کە لەگەڵییاندا بوون. هیوادارین خودا بەزەیی پێیاندا بێتەوە."
سەرۆک وەزیری میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب شێخ محەمەد بن ڕەشید ئەلمەکتوم لە بەیاننامەیەکدا وتی " دڵمان لەگەڵتاندایە لەم ساتە سەختەدا. نزاکانمان ئەوەیە کە خودا بە گەورەیی خۆی بەزەیی پێیاندا بێتەوە و بە بەهەشتییان شاد بکات."
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدیش پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی کرد و خێزانەکانی قوربانییەکان کرد، وتیشی " پابەندبوونی ڕەئیسی بە کار و ئەرکەکەیەوە بردی بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات تاوەکو پڕۆژەیەکی گرنگ بکاتەوە بۆ وڵاتەکەی، کە لەوێ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا شەهید بوو."
ئەسەد وتیشی لەگەڵ ڕەئیسیدا کاری کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوان سوریا و ئێران بە باشی بمێننەوە، باسی لە سەردانە گرنگەکەی ڕەئیسی کرد بۆ سوریا وەکو بەشێک لە پەرەدان بە پەیوەندییەکان تاوەکو هەردوو وڵاتەکە سوودمەند ببن.
حەماس لە بەیاننامەیەکدا وتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و حکومەتی ئێران و گەلی ئێران دەکەین لەسەر ئەم لە دەستدانە گەورەیە."
هەروەها ستایشی سەرکردە مردووەکانی ئێرانی کرد لەسەر پشتگیریکردنییان لە پرسی فەلەستینیەکان و بەرهەڵستیکردن دژی ئیسڕائیل و وتی دڵنیایە لەوەی " دامەزراوە ڕەگ داکوتاوەکانی ئێران " لە توانایاندا دەبێت بەسەر " دەرەنجامەکانی ئەم لە دەستدانە گەورەیەدا " زاڵ ببن.
سەرکردەی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حوسییەکانی یەمەن محەمەد عەلی ئەلحوسی لە ئێکس نوسیویەتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی گەلی ئێران و سەرکردایەتی ئێران و خێزانەکانی سەرۆک ڕەئیسی و شاندی هاوەڵی دەکەین لەسەر شەهیدبوونییان. داوا لە خودا دەکەین دڵنەوایی خێزانەکانییان بداتەوە."
ئەمیری قەتەڕ تەمین بن حەمەد ئەل ثانی لە ئێکس نوسیویەتی " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی حکومەت و گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین لەسەر مەرگی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان و بەرپرسانی یاوەرییان لە ڕووداوی بە ئازاری کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، داوا لە خودای مەزن دەکەین بەزەیی پێیاندا بێتەوە و لێیان خۆشبێت و دڵنەوایی خێزانەکانیشیان بداتەوە."
سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف لە ئێکس نوسیویەتی " خۆم و حکومەت و گەلی پاکستان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکەین لەسەر ئەم لە دەستدانە بە ئازارە. هیوادارین ڕۆحە شەهیدەکان لە ئاشتی بەهەشتدا بن. گەلی مەزنی ئێران بە بوێرییەوە بەسەر ئەم کارەساتەدا زاڵ دەبێت."
سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی لە ئێکس نوسیویەتی " زۆر دڵگران بووین بە مەرگی کارەساتی دکتۆر سەعید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هیندستان و ئێران هەمیشە لە یادماندا دەمێنێتەوە. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکەم. هیندستان لەم ساتە بە ئازارەدا لە پاڵ ئێراندا دەوەستێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز