دوای وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە شەوی سێشەممە لە بەردەم گۆنگرێس پێشکەشی کرد، پارتی کۆماریـیەکان لە وەڵامدا ڕەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن گرت بەوەی گوایە پێگەی ئەمەریکای لە ئاستی نێودەوڵەتی لاواز کردووە و لە سیاسەتی ناوخۆدا نەیتوانیوە یەکگرتووی لەسەر پرسە گرنگەکان دروستبکات.
وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە بەردەم کۆنگرێس لە سەرەتای هەموو ساڵێکدا پێشکەش دەکرێت سەبارەت بە بابەتە گرنگەکانی وڵات و کارە لە پێشینەکانی سەرۆک بۆ داهاتوو. وەک نەریتێک کە لە ساڵی 1966 دەستیپێکرد، پارتی بەرامبەر وەڵامی وتارەکەی سەرۆک دەداتەوە.
کیم ڕەینۆڵدز، فەرمانڕەوای ویلایەتی ئایەوا، کە بۆ ئەم ساڵ وەک نوێنەری کۆماریـیەکان ڕاسپێردرا بۆ وەڵامدانەوەی سەرۆک بایدن، ڕایگەیاند، " ئێستا یەک ساڵە ئەو سەرۆکە و لەبری ئەوەی ئەمەریکا پێشبخات، سەرۆک بایدن و پارتەکەی هەست دەکرێت ئێمەیان گەڕاندبێتەوە دواوە بۆ کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان کاتێک هەڵاوسانی دارایی تەنگی بە خێزانەکانمان هەڵدەچنی و شەپۆلێکی توندوتیژی تاوان شارەکانمانی وێراندەکرد و هێزی یەکێتی سۆڤیەت هەوڵی دەدا نەخشەی جیهان دووبارە بکێشێتەوە."
سیاسەتی دەرەوە
کیم ڕەینۆڵدز ئاماژەی بە کشانەوە "کارەساتبارەکەی" ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرد لە ژێر ڕاسپاردەی بایدن کە بە گوێرەی ئەو هەر بە تەنیا زیانی گیانی بۆ ئەمەریکایـیەکان نەبوو بەڵکو "پشتکردن بوو لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا و بەهێزکردنی دوژمنانی بوو."
ئەو فەرمانڕەوا کۆمارییە ڕایگەیاند کە لە هەمان کاتدا کۆریای باکور تاقیکردنەوە موشەکیە بالیستیەکانی زیادیکردووە و چینیش خواستی فراوانخوازی زیادیکردووە.
سەبارەت بە داگیرکاریـیەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کیم ڕەینۆڵدز بانگەشەیی ئەوەی کرد بڕیارەکانی چەند مانگی ڕابردووی بەڕێوەبەرایەتی بایدن هاندەربوون بۆ ئەوەی ڤلادیمیر پوتن بڕیاری هێرشەکە بدات. ئەو فەرمانڕەوایە ڕایگەیاند بایدن لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ئابلۆقەی لەسەر چەند بۆریە نەوتێکی ڕووسیا لابرد و بەرهەمە ناوخۆییەکانی نەوتی کەم کردەوە و گرنگی نەدا بە بەهێزترکردنی سوپای ئەمەریکا.
ئەو ڕایگەیاند، "سەرۆک بایدن کاردانەوەی بۆ ڕووداوە جیهانیەکان هەبوو لەبری ئاڕاستەکردنیان. لاوازی لەسەر سەکۆی جیهان باجی خۆی هەیە و ڕێبازی سەرۆک بۆ ساسەتی دەرەوە بەردەوام بریتیی بووە لە هەنگاوی زۆر بچوک زۆر هێواش. کاتی ئەوەیە کە ئەمەریکا متمانەی بەخۆی هەبێت و نەگۆڕ بێت و پێشەوایەتی بکات. بەڵام ئێمە ناتوانین لە دەرەوە گوزارشت لە هێز بکەین گەر لە ناوخۆ لاواز بین."
سیاسەتی ناوخۆ
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆ، کیم ڕەینۆڵدز ڕەخنەی لە سیاسەتی ئابووری و وزەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن گرت کە بە گوێرەی ئەو بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ دوو ئەوەندە و تۆمارکردنی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاست لە چل ساڵی ڕابردوو.
لە هەمان کاتدا، ئەو ڕەخنەی لە سیاسەتی بایدن گرت بۆ کێشەی پەنابەران لە ئەمەریکا و ڕووبەڕوبونەوەی ڕەگەزپەرستی و یاسای هەڵگرتنی چەک و ڕێوشوێنە خۆپارێزیەکانی تایبەت بە پەتای کۆڕۆنا بەوەی کە گوایە سیاسەتمەداران ئەو بابەتانە بەکاردەهێنێن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و هێرشکردنە سەر ئازادی تاکەکەس.