وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە دەگاتە جەددەی عەرەبستانی سعودیە بە مەبەستی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەوڵ دەدات نێوەندگری بکات لە کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی ڕوبیۆ لە جەددە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ڕێگەکان دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵاتەکە لە ناوچەکەدا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیە.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕوبیۆ ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاندری سیبیهادا " جەختی لە سووربوونی سەرۆک ترامپ کردووەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە بە زووترین کات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم لایەنەکان دەبێت هەنگاو بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام."
ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆدەبێتەوە.
دواتر دیبلۆماتکارێکی ئۆکرانیایی و شاندێکی سەربازیی بە سەرکردایەتی سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا ئاندری یەرماک لە سعودیە دەمێننەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تیمە ئەمەریکاییەکەدا، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ڕوستەم ئومیرۆڤ و سەرکردەی سەربازیی پاڤلۆ پالیسا و سیبیاش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
شاندەکەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیادا بریتی دەبێت لە مارکۆ ڕوبیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مایک واڵتز و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ستیڤ ویتکاف.
ویتکاف بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە کە " بیرۆکەکە داڕشتنی چوارچێوەیەکی کارە بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتی و ئاگربەستێکی سەرەتایی."
گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا سێ هەفتە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە ڕیازی سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا کۆبوونەوە.
ئۆکرانیا وتوویەتی کە " بە تەواوەتی پابەندە " بە گفتوگۆیەکی بونیادنەرانەوە لەگەڵ ئەمەریکادا و هیوادارە " تاوتوێی بڕیار و هەنگاوە پێویستەکان بکەن و ڕێکبکەون لەسەرییان."
زێلێنسکی وتی " ئۆکرانیا لە چرکە ساتی یەکەمی ئەم جەنگەوە هەوڵی ئاشتی داوە. پێشنیاری واقیعی لەسەر مێزەکەن. کلیلەکە ئەوەیە بە خێرایی و بە کاریگەرییەوە بجوڵێین."
دوابەدوای سەردانەکەی بۆ سعودیە، ڕوبیۆ گەشت دەکات بۆ کەنەدا و ئامادەی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت دەبێت کە بڕیارە لە 12-14 ی مانگی سێدا بەڕێوە بچێت.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای گفتوگۆکان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا لە مانگی دوودا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت تیشکییان خستەسەر پابەندبوونییان بە یارمەتیدان لە " خستنەوەی ئاشتییەکی بەردەوامدا " و جەختییان لە " پێویستییەکان کردەوە بۆ پەرەدان بە گرەنتی ئاسایش " بۆ ئۆکرانیا.
وتیشیان " هەر سزایەکی دیکەی نوێ لە دوای مانگی دووەوە دەبێت پەیوەست بێت بەوەوە کە ئایا فیدراسیۆنی ڕووسیا بەشدار دەبێت لە هەوڵی ڕاستەقینە و باشدا بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگەی دژی ئۆکرانیا یاخود نا."
ڕوبیۆ سەردانی سعودیە دەکات بۆ گفتوگۆکانی ئۆکرانیا و دواتریش دەچێتە کەنەدا بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی حەوت
