Accessibility links

موشەکەکانی ڕووسیا کیێڤ دەکەنە ئامانج


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن لە هێرشێکی موشەکی باڵیستیکی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لانیکەم کەسێک کوژراوە و نۆ کەسی دیکە بریندار بوون. مۆسکۆ وتی هێرشەکە وەکو وەڵامێک بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی ڕووسیا لە ڕێی بەکارهێنانی چەکی دروستکراوی ئەمەریکاییەوە.

ماوەیەکی کورت دوای خۆر هەڵاتن لانیکەم سێ دەنگی تەقینەوە لە کیێڤ بیستراوە. هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی بەرپەرچی پێنج موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی داوەتەوە کە ئاڕاستەی شارەکە کراون. بەڕێوبەرایەتی شارەکە وتی هێرشەکە گەرمکەرەوەکانی 630 بینای نیشتەجێبوون و 16 ناوەندی تەندروستی و 30 قوتابخانە و باخچەی منداڵانی کوژاندووەتەوە، کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەکەکانیش زیانییان گەیاندووە و بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە سێ ناوچەدا.

هێزی ئاسمانی وتی " داوا لە دانیشتوان دەکەین دەستبەجێ وەڵامی ڕاپۆرتەکانی مەترسی هێرشی موشەکی باڵیستیکی بدەنەوە چونکە کاتێکی زۆر کەم هەیە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک."

لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا کە شەڕ دەستی پێکردووە، ڕووسیا بە بەردەوامی ناوچە مەدەنییەکانی ئۆکرانیای بۆردومان کردووە، زۆرجار لە هەوڵیدا بۆ پەکخستنی تۆڕی کارەبا و خستنەوەی نیگەرانی لە نێو ئۆکرانیاییەکاندا. لە هەمان کاتدا ئۆکرانیا کۆششی کردووە سوپا گەورەترەکەی ڕووسیا لە بەرەکانی پێشەوە بوەستێنێت، هەوڵی داوە ئەو ژێرخانەی ڕووسیا بکاتە ئامانج کە پشتیوانی لە جەنگەکەی ڕووسیا دەکات.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشەکەی سەر کیێڤ وەکو وەڵامێک بووە بۆ هێرشە موشەکییەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی ڕۆستۆڤی ڕووسیا کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە. وتی ئۆکرانیا لەو هێرشەدا شەش سیستمی تەکتیکی دروستکراوی ئەمەریکایی بەکارهێناوە، موشەکەکان و چوار سیستمی موشەکی ستۆرم شادۆو کە لەلایەن بەڕیتانیاوە دراوە بە ئۆکرانیا.

لەو ڕۆژەدا ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە پاڵێوگەی نەوتی ڕۆستۆڤی ڕووسیای داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ژێرخانانەی ڕووسیا کە پشتیوانی لە هەوڵی جەنگەکەی وڵاتەکە دەکەن.

بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوایی لەلایەن ئۆکرانیاوە دژی ڕووسیا کرێملنی تووڕە کردووە. لە 19 ی مانگی یانزەدا ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار موشەکی مەودا دووری ئەمەریکایی بەکارهێنا بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن مۆڵەتی پێدا بەکارییان بهێنێت.

ئەو پێشهاتەش وایکرد ڕووسیا بۆ یەکەمین جار موشەکێکی نوێی دەنگبڕ بەکاربهێنێت، کە بە ئۆریشنیک ناسراوە. سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتوویەتی ئەو موشەکە دەتوانرێت بۆ بە ئامانجکردنی بیناکانی حکومەت لە کیێڤ بەکاربهێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر ئەوەی ئەو موشەکە جارێکی دیکە لە ئۆکرانیادا بەکارهێندرابێتەوە.

لە وەڵامێکدا بۆ هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕۆستۆڤ، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی بە موشەکی ورد و مەودا دوور کردووەتە سەر ناوەندی سەرکردایەتی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا و شوێنێکی دیکە کە سیستمی موشەکی نیپتونی ئۆکرانیایی تێدا دیزاین دەکرێت و بەرهەم دەهێندرێت.

وەزارەتەکە وتی " هەموو ئامانجەکان لەو هێرشانەدا بەدی هاتوون. سەرجەم ئامانجەکان لێیان دراوە."

بەڵام ئەو بانگەشەیە نەتوانراوە دەستبەجێ پشتڕاست بکرێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG