هاوکاتی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجام دا وەک هەوڵێک بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی شەڕ، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، گوایە بۆ وەڵامدانەوەی "هەڕەشەکانی ئۆکرانیایە".
بەپـێی هەواڵەکان کە کیێڤی پایتەخی ئۆکرانیاوە دێن، چەندان تەقینەوەی لە دەرەوەی شارەکە پیستراون. کاربەدەستان بە دەنگی ئەمەریکایان وتووە دوو فڕۆکەخانەی کیێڤ لەلایەن فڕۆکەی بەبێ فڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج. ژمارەیەکیش لە تەقینەوەکان دەنگی موشەکی دژە فڕۆکە بوون کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە گیراونەتە فڕۆکەکان. کاربەدەستێکیش وتی ڕەنگە ڕووسیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی بکاتە ئامانج وەک ڕێگەخۆشکەرێک بۆ هێرشی دیکەی ئاسمانی.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا وتی "تەواوی جیهان نوێژ و نزا بۆ خەڵکی ئۆکرانیا دەکات کە ڕووبەڕووی هێرشێکی بێ پاساو بوونەتەوە لەلایەن هێزی لەشکری ڕووسیاوە. سەرۆک پوتن بە مەبەست شەڕی هەڵبژارد، ئەمەش شیانی هەیە زیانێگی گیانی زۆری لێبکەوێتەوە و خەڵکی بکەونە مەینەتیـیەوە. تەنیا ڕووسیا لەو کوشتن و ماڵوێرانیـیە بەرپـرسیارە کە لەم هێرشە دەکەوێتەوە. ئەمەریکا و هاوپەیمانانی و هاوبەشەکانی بە یەک دەنگی و بە توندی وەڵامی دەدەنەوە. جیهان ڕووسیا بەرپـرسیاردەکات."
دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیوەیەتی پوتن هێرشی گەورەی کردووەتە سەر وڵاتەکەی و شارەکانی ئۆکرانیا کەوتوونەتە بەر هێرشی لەشکری ڕووسیاوە. دەشڵێت ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی دەکات و سەردەکەوێت، وە داوا لە جیهان دەکات کاربکات بۆ ڕاگرتنی پوتن.
لە لایەکی دیکە پاسەوانانی سنووری ئۆکرانیا ڕایانگەیاند وڵاتەکەیان بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ ڕووسیا و بێلاڕووس تۆپباران دەکرێت و هێزەکانی ئۆکرانیاش وەڵام دەدەنەوە. دەشڵێن هێزەکانی پیادەی ڕووسیا هاتوونەتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە.
شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی ڕووسیا، لەوانە شاری خارکیڤ لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
خەڵکی سیڤیلی کیێڤی پایتەخت لە بەیانی زووەوە بەشێکیان لە تاو بۆردومانەکانی ڕووسیا دەستیانکرد بە چۆڵکردنی شارەکەیان.
بەشێک لەو خەڵکەکەی ئۆتۆمبیلیان نیـیە بە پیادە شارەکانیان چۆڵ دەکەن.
تەنانەت لە شاری لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە زۆرێک لە وڵاتان باڵیۆزخانەکانیان بۆ ئەوێ گواستەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرش تیایدا لێدراوە و دەنگی تەقینەوەش بیستراوە.
ژمارەیەکیش ڕوویان کردووەتە وێستگەکانی میترۆی شارەکانەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی بە هێرشەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و بنکەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە کارخستووە.
لەشکری ئۆکرانیاش لای خۆیەوە دەڵێت 5 فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەرێکی ڕووسیا خستووە.