بۆ ماوەی چەندین ساڵ، سەربازەکانی بنکەی ئاسمانی حمیمیمی ڕووسیا لە سوریا ئازادانە هاتووچۆیان بە شارەکانی کەنار دەریاکەدا دەکرد. فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکەکەوە هەڵدەستان بۆ بۆردومانکردنی ئەو یاخیبووە ئیسلامییانەی کە دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد شەڕییان دەکرد.
بەڵام چیتر ئەوە نەماوە. دوای نەمانی ئەسەد، لە هەردوو بنکە سەربازییەکەی ڕووسیا لە سوریا، بنکەی حمیمیم و بنکەی دەریایی تەرتوسی سەردەمی سۆڤییەتی ڕووسیا لە باشوور، کۆمەڵە چەکدارێکی یاخیبووی پێشوو پاسەوانی دەرگاکانییان دەکەن، گروپە ئیسلامییەکەیان، هەیئەت تەحریر ئەلشام، ئێستا کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردووە.
پاسەوانەکان بە ڕۆیتەرزییان وت ئێمە هاوەڵی هەر کاروانێکی ڕووسیایی دەکەین کاتێک دەچنە دەرەوە.
وتی " دەبێت پێش ئەوەی بڕۆن ئاگادارمان بکەنەوە."
داهاتووی بنکەکان، کە زۆر گرنگن بۆ دەستڕاگەیشتنی سوپای ڕووسیا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا، لە ژێر دەستی سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرعدایە.
شەرع دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی ئەسەد و ڕووسیا بکات لەسەر تەرتوس و حمیمیم کە تێیدا تەرتوس بۆ ماوەی 49 ساڵ بە خۆڕایی دراوە بە ڕووسیا و حمیمیمیش بۆ ماوەیەکی نادیار دراوە بە ڕووسیا، بەڵام وادیارە کە نایەوێت مۆسکۆ بنکەکان هەموویان پێکەوە دابخات.
وادیارە کە بنکەکان ڕەنگە بمێننەوە لە بەرامبەر پشتگیرییەکی سیاسیی و قەرەبوویەکی داراییدا لەلایەن ڕووسیاوە.
ئەسەد لە مانگی دوانزەدا ڕووخا و لە بنکەی حمیمیمەوە هەڵات بۆ ڕووسیا. سەرکردایەتییە ئیسلامییەکەی سوریا، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامانجی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ڕووسیا بوو، ئێستا لەگەڵ مۆسکۆدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانوستان دەکەن.
ڕۆیتەرز دەڵێت لەگەڵ هەشت سەرچاوەی سوریایی و ڕووسیایی و دیبلۆماتیدا قسەی کردووە و باسییان لە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی نێوان شەرع و نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کردووە، تێیدا داوای ملیاران دۆلار قەرز و داهاتووی ئەسەد کراوە و هەروەها داوای گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی سوریا کراوە کە گوایە لە ڕووسیا بێت.
دیبلۆماتکارێک لە دیمەشق وتی ڕووسیا پێش شەڕی ناوخۆی سوریا زۆر بە قووڵی بەشداربووە لە ئابووری سوریادا، گەڕاندنەوەی فرۆشتنی چەک و سوتەمەنی و دانەوێڵە بە سوریا دەکرێت زۆر گرنگ بێت بۆ سوریا، لەبەرئەوە سەرکردەکانی وڵاتەکە " ئامادەن ئاشتی بکەن، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانی پێشووشییاندا."
ئان بۆرشچیڤسکایا لە ناوەندی واشنتن وتی " مۆسکۆ هێشتا شتێکی هەیە بیدات بە سوریا." ئەوەش زۆر بەهێزە و ڕەگی داکوتاوە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
وتی " ڕووسیا هەر ئەوەندەی دەوێت کە حکومەتێک هەبێت لە دیمەشق و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، دەشیەوێت لەگەڵ ئەو حکومەتەدا ڕێککەوتنێک بکات." سەرچاوەیەکی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕووسیا دانەوێڵەی هەناردەی سوریا نەکردووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ شتێکی کەمی دەربارەی سوریا وتووە، بەڵام هەوڵیداوە پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا چاک بکاتەوە. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی لە کاتێکدا ئەسەد نەماوە دەرفەتێک هەیە بۆ سوریا کە چیتر " ئێران و ڕووسیا زاڵ نەبن بەسەریدا و ناسەقامگیری نەکەن."
ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکا دەیەوێت ڕووسیا لە سوریادا بمێنێتەوە دژی کاریگەرییەکانی تورکیا.
دووان لە سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وتووە کە لە کۆبوونەوەکەی 29 ی مانگی یەکدا لە دیمەشق شەرع هەوڵیداوە ئەو قەرزانە هەڵبوەشێندرێتەوە کە لە ماوەی ئەسەددا لە ڕووسیا کراون.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتی لە ماوەی کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەکەدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میخائیل بۆگدانۆڤدا، بەرپرسانی سوریا باسییان لە پرسێکی دیکەی گرنگ کردووە، گەڕاندنەوەی ئەسەد بۆ سوریا، بەڵام بە مەرج، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوە بەربەستێکی گەورە نیە لەبەردەم باشکردنەوەی پەیوەندییەکاندا. سەرچاوەیەکی ڕووسیایی وتی ڕووسیا ڕازی نابێت بە ڕادەستکردنەوەی ئەسەد، داواشی لێنەکراوە ئەوە بکات.
دیبلۆماتکارێکی دیمەشق کە نزیکە لە گفتوگۆکانەوە وتی شەرع داوای گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی سوریای کردووە کە حکومەتەکەی پێی وایە لەلایەن ئەسەدەوە لە مۆسکۆ داندرابێت، بەڵام شاندەکەی ڕووسیا بە سەرکردایەتی بۆگدانۆڤ ڕەتی کردەوە هیچ پارەیەکی سوریا لە ڕووسیا بێت.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، حکومەتی سوریا وتی شەرع جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییە نوێیەکان دەبێت مامەڵە لەگەڵ هەڵەکانی ڕابردوودا بکەن و داوای قەرەبووی لە ڕووسیا کردووە بۆ ئەو کاولکارییەی کە لە سوریادا کردوویەتی.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا."
ڕاوێژکارێکی پێشووی کرێملن سێرگێی مارکۆڤ وتی " بەرپرسانی نوێی سوریا ڕووسیا وەکو وڵاتێکی دوژمن نابینن. بەڵام ڕووسیا دەبێت کارێکی باش بکات بۆ حکومەتی سوریا لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو بنکانەدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز