ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا ڕاپۆرتێکی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکات هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیای تێکداوە کە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە و کارەبا بوون، وتی هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئۆکرانیادا نەبووە سەبارەت بە دامەزراوەکانی ژێرخانی سڤیل.
ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە ئۆکرانیا و ڕووسیا بڕیاربووە شاند بنێرن بۆ قەتەڕ لەم مانگەدا تاوەکو گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی مێژوویی بکەن سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانییان بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە و کارەبا لە وڵاتەکانیاندا.
ڕۆژنامەکە باسی لەوە کرد ڕێککەوتنەکە گەیشتووەتە ئاستی نیمچە ئاگربەستێک بەڵام گفتوگۆکان تێکچوون دوای ئەوەی ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر خاکی ڕووسیا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە وتی " هیچ کەس هیچی تێکنەداوە چونکە هیچ شتێک نەبووە تا تێک بچێت."
وتیشی " هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و ڕژێمی کیێڤدا نەبووە لەسەر پارێزراویی دامەزراوەکانی ژێرخانی هەستیاری سڤیل."
حکومەتی ئۆکرانیا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست وتی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا وتوویەتی کۆبوونەوەکە لە دەوحە بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دواخراوە و لە 22 ی مانگی هەشتدا لە ڕێی کۆنفرانسی ڤیدیۆوە ئەنجام دەدرێت.
ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ژێرخانە سڤیلەکان لە جەنگەکەدا. هەردوولایان ڕەتی دەکەنەوە ئەوەیان کردبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز