Accessibility links

لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن سەردانی ئۆکرانیا دەکات، ڕووسیا فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژی بە نزیک ژاپۆندا دەبات


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژی ڕووسیا بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت کاتژمێر بەسەر دەریای ژاپۆندا فڕیون، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن فومیۆ کیشیدادا بۆ ئۆکرانیا.

فڕۆکەی بۆمبڕێژی ستراتیژی توپپلیڤ تو – 95MS لە توانایدا هەیە چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت و مۆسکۆ زۆرجار بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ئارکتیک و نۆرث ئاتلانتیک و زەریای پاسێفیکدا دەیانبات، ئەوەش وەکو دەرخستنی هێز.

بەڵام ئەمجارەیان لە کاتێکدا بوو کە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا سەردانی کیێڤی دەکرد بۆ دەرخستنی هاوسۆزی خۆی بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی.

ڕووسیا دەڵێت بۆمبڕێژەکان " گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوییان " ئەنجامداوە و لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە هاوەڵی کراون. وەزارەتی بەرگری وتی گەشتەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە و فڕۆکەکانیش بەسەر ئاسمانی نێودەوڵەتیدا فڕیون.

لە مانگی دوودا هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکای باکوور ڕەوانە کران بۆ بەرپەرچدانەوەی چەندین فڕۆکەی ستراتیژی بۆمبڕێژ و شەڕکەری ڕووسی لە کاتێکدا کە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا و لە نزیک ئالاسکای ئەمەریکاوە دەفڕین.

جێی ئاماژەیە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە ژاپۆن و ڕووسیا ناکۆکییان هەیە لەسەر دوورگەکانی باکووری زەریای پاسێفیک. ژاپۆن هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکایە و ئەندامە لە کۆمەڵەی حەوتدا و لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەشدار بووە لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا.

سەردانەکەی کیشیدا بۆ ئۆکرانیا هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی چین شی جین پینگدا بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG