Accessibility links

لە ماوەی هێرشە موشەکییەکانیدا، ڕووسیا لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان دەدات لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا


تیمەکانی فریاگوزاری لە داروپەردبووی نەخۆشخانەی ئۆخمادیت، کیێڤ ئۆکرانیا
تیمەکانی فریاگوزاری لە داروپەردبووی نەخۆشخانەی ئۆخمادیت، کیێڤ ئۆکرانیا

ڕۆژی دووشەممە موشەکێکی ڕووسیایی لە نەخۆشخانەیەکی منداڵانیدا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەوەش لە ماوەی هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکانی ڕووسیادا بۆ سەر ناوچەکانی سەرانسەری وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە لانیکەم 20 کەس کوژراون.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی تیمەکانی فریاگوزاری بە داروپەردبووی نەخۆشخانەی ئۆخمادیتی منداڵدا دەگەڕێن لە کیێڤی پایتەخت و ژمارەی قوربانییانیش هێشتا نەزاندراوە.

زێلێنسکی وتی " ڕووسیا ناتوانێت بانگەشەی نەزانین بکات لەسەر ئەوەی موشەکەکانی بۆ کوێ دەچن و دەبێت بە تەواوەتی بە بەرپرس دابنرێت لە سەرجەم تاوانەکانی، دژی خەڵکەکە و دژی منداڵان و دژی مرۆڤایەتیش بە گشتی. زۆر گرنگە جیهان ئێستا لەسەر ئەمە بێدەنگ نەبێت و هەمووان ببینن ڕووسیا چییە و چی دەکات."

بەڕێوبەرایەتییە سەربازییەکەی کیێڤ وتی لە هێرشەکەی ڕووسیادا لانیکەم حەوت کەس کوژراون و زیانی بە بیناکان گەیاندووە لە چەندین ناوچەی هەرێمەکەدا.

ئۆلیکساندەر ڤیلکولی بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی شاری کریڤی ڕی وتی هێرشەکانی ڕووسیا لەو شارەشییان داوە و لانیکەم 10 کەس کوژراون و 31 کەسی دیکە بریندار بوون.

لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش، بەرپرسان دەڵێن موشەکەکان لە کارگەیەکی پیشەسازییان داوە و لانیکەم سێ کەس کوژراون.

زێلێنسکی وتی " تیرۆریستانی ڕووسیا جارێکی دیکە هێرشێکی گەورەی موشەکییان کردە سەر ئۆکرانیا، بۆ سەر شارە جیاوازەکانی وەکو کیێڤ و دنیپرۆ و کریڤی ڕی و سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک، بە زیاتر لە 40 موشەکی جیاواز. بیناکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانەکان و نەخۆشخانەیەکی منداڵانیش زیانییان بەرکەوتووە."

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە سێ موشەکی Kh-101 ی کروزییان بەسەر هەرێمەکانی چێرکاسی و ژیتۆمیرەوە خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک سێرهێی لیاسک وتی هێزەکانی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و تۆپهاوێژ هێرشییان کردووەتە سەر چەندین گوند، چوار کەس برینداربوون و ژمارەیەک لە بیناکانیش زیانییان بەرکەوتووە.

لە هەرێمی سومی ناوەڕاستی ئۆکرانیاش، بەڕێوبەرایەتی سەربازی ناوچەکە وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا تەقەمەنییان بەسەر سێ کۆمەڵگەدا بەرداوەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بەسەر هەرێمەکانی بێلگۆرۆد و ڤۆرۆنیژ خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای ڤۆرۆنیژ وتی هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی نەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی چین شی جین پینگ وتی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیا تاوەکو بتوانن ڕاستەوخۆ گفتوگۆ بکەن.

لێدوانەکەی شی لە ماوەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆرباندا بوو بۆ پەکین.

سەردانەکەی ئۆربان بۆ چین چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ئۆربان سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلادیمیر پوتندا کۆبووەوە، سەردانەکەی ئۆربان بۆ ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیا و یەکێتی ئەوروپاوە ڕەخنەی لێگیرا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG