Accessibility links

چڕکردنەوەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا؛ ئاو و کارەبای سەد هەزار ماڵ بڕدراوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە وتییان هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 100,000 ماڵ لە باکووری ئۆکرانیا بەبێ ئاو و کارەبا بمێننەوە، هاوکات قوربانییان لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە زۆر زیاتر بووە.

وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا وتی هەرێمی سومی باکوور کە سنووری بە ڕووسیاوەیە، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی ڕووسیا کە زیانی بە ژێرخانی وزەی هەرێمەکە گەیاندووە تاریک بووە. چەند کاتژمێرێک دواتر، کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئۆکرانیا وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا لە پایتەختی هەرێمەکەیان داوە کە هەر ناوی سومییە، ئەوەش بووەتە هۆی پچڕاندنی هێڵەکانی کارەبا و ئاو.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئاڕ ئای ئەی ڕووسیا وتی هێزەکانی ڕووسیا لە کێڵگەیەکی دروستکردنی ڕۆکێتییان داوە لە شاری سومی. ڕاپۆرتەکە باسی لەوە نەکرد چی جۆرە چەکێک بەکارهێندراوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئۆکرانیا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە نێوەندی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی موشەکیدا دەنگی تەقینەوە لە شارەکەدا بیستراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش، فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسک ڤادیم فیلاشکین ڕۆژی شەممە وتی بۆردومانەکانی شەوی هەینی ڕووسیا بووەتە هۆی کوژرانی 11 هاووڵاتی سڤیل و برینداربوونی 43 کەسی دیکە. پێنج کەسی دیکەش لە شارۆچکەی سیلیدۆڤی هەرێمی پۆکرۆڤسکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراون. سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا بەیانی ڕۆژی شەممە وتی هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ڕۆژی ڕابردوودا 45 جار لە نزیک پۆکرۆڤسک ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

بەپێی فیلاشکین، سێ کەسی دیکە لە شارۆچکەی ستراتیژی چاسیڤ یاری هەرێمی دۆنێتسک کوژراون، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر هەرێمەکە، دۆنێتسک کاول بووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG