Accessibility links

ڕووسیا بەڵێنی " بێدەنگی " دەدات بۆ ئۆکرانییەکان تاوەکو لە شارەکانیان هەڵبێن


بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئۆکرانیا وتی ئۆکرانیا دەبێت بۆ ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژی داهاتوودا خۆڕاگربێت لەبەردەم هێرشەکانی ڕووسیادا تاوەکو ڕێگە نەدات ڕووسیا هیچ سەرکەوتنێک تۆمار بکات، هاوکات زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون.

ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ڤادیم دێنیسێنکۆ وتی ڕووسیا بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەوەی لانی کەم جۆرە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت پێش ئەوەی دەستبکاتەوە بە گفتوگۆکان، وتیشی پێدەچێت شاری ماریوپۆڵ و کیێڤی پایتەخت ئامانجییان بێت.

دێنیسێنکۆ وتی " لانی کەم پێویستیان بە جۆرە سەرکەوتنێک هەیە پێش ئەوەی ناچار بن بچنە دوایین گفتوگۆکانەوە. لەبەر ئەوە ئەرکی ئێمە ئەوەیە بۆ ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژی داهاتوو خۆڕاگربین لەبەردەم هێرشەکانی ڕووسیادا."

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی ڕێڕەوی مرۆیی دەکاتەوە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لە کیێڤ و چوار شاری دیکەی ئۆکرانیا هەڵدێن. بەڵام تەنها ڕێڕەو کرابێتەوە و چالاک بێت ڕێڕەوەکەی شاری سومییە کە ڕۆژی سێشەممە کرایەوە.

فەرمانڕەوای شاری سومی دمیترۆ ژیڤیتسکی وتی نزیکەی 5000 هاوڵاتی مەدەنی بە پاس شاری سومییان جێهێشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ و کیێڤ ڕێکەوتن لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوەکە.

نزیکەی 1000 ئوتومبێلیش توانیویانە شارەکە جێبهێڵن و بەرەو شاری پۆڵتاڤا بەڕێکەوتوون، ئاماژەشی بەوەدا ڕێڕەوەکە لە ڕۆژی چوارشەممەشدا چالاک دەبێت.

ژیڤیتسکی وتی ناوچەیەکی دانیشتوانی سومی شەوی ڕابردوو بۆردومان کراوە، بۆمبێکیان 22 هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە. وتیشی ئەو هێرشە " کۆمەڵکوژی " بووە.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج. ڕۆیتەرزیش نەیتوانیوە ڕووداوەکەی سومی پشتڕاست بکاتەوە.

ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ڕێڕەوێکی دیکەی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە شاری ماریوپۆڵی باشووری ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG