Accessibility links

کرێملن: ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکرانیا، بەڵام دەستبەرداری هەرێمە لکێندراوەکان نابێت


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

کرێملن دووبارە جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، بەڵام ئاماژەی بەوەدا " دۆخە ڕاستەقینەکەی ناوچەکان " ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕووسیا هەرگیز پاشگەز نابێتەوە لە لکاندنی چوار هەرێمەکەی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە.

پێسکۆڤ وتی " هەندێک دۆخی ڕاستەقینە هەن کە بوونەتە فاکتەرێکی ناوخۆیی. مەبەستم لە ناوچە نوێیەکانە. دەستووری فیدراسیۆنی ڕووسیا بوونی هەیە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. ڕووسیا هەرگیز ناتوانێت سازش لەسەر ئەوە بکات، ئەمانە دۆخی ڕاستەقینەی گرنگن."

مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو ڕووسیا لە مەراسیمێکی گەورەدا لە مۆسکۆ لکاندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و زاپۆریژا و خێرسۆنی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند.

دواتر ئەو ناوچانە بە فەرمانێکی دەستووری وەکو ناوچەی فیدراسیۆنی ڕووسیا ناسێندران.

پێسکۆڤ وتی ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردندا ئەگەر کیێڤ کۆنتڕۆڵی ڕووسیا بەسەر ئەو هەرێمانەدا پەسەند بکات.

وتی " بە بارودۆخێکی لەبار و هەڵوێستێکی گونجاوی ئۆکرانییەکانەوە دەکرێت ئەمە لەسەر مێزی گفتوگۆکردن چارەسەر بکرێت. بەڵام شتە سەرەکییەکە گەیشتن بە ئامانجەکانمانە."

جێی ئاماژەیە هێزەکانی ڕووسیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی هیچ کام لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیایان نەکردووە، مۆسکۆ دەڵێت شەڕ دەکات بۆ " ئازادکردنی " ئەو هەرێمانە لە دەستی نیۆ نازییەکانی ئۆکرانیا.

کیێڤ و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەمە پاساوی بێ بنەمای ڕووسیایە بۆ داگیرکردنی نایاسایی خاکی ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا دەڵێت پێش ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئاشتی بکرێت، دەبێت سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا لە بست بە بستی خاکی ئۆکرانیا بکشێنەوە بەو چوار هەرێمە و نیمچە دوورگەی کرایمیاشەوە، کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG