Accessibility links

هێرشێکی موشەکی ڕووسیادا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ئۆکرانیا، کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەلێن لە هێرشێکی موشەکی ڕووسیادا بۆ سەر بینایەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمی لە شاری دنیپرۆی ناوەڕاستی ئۆکرانیا لانیکەم کەسێک کوژراوە و 12 کەسی دیکە بریندار بوون.

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ وتی ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات چونکە هێشتا خەڵکی زیاتر لە ژێر داروپەردبووی بیناکەدا ماونەتەوە، وتیشی بەهۆی هێرشەکەوە چوار نهۆمی بیناکە ڕووخاوە.

دواتر وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا وتی ئاگری شوێنەکە کوژێندراوەتەوە و لاشەی کەسێک لە ژێر داروپەردبووەکەدا دۆزراوەتەوە و دوو کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆ سێرهێی لیاسک وتی 12 کەس بریندار بوون، کۆرپەیەکی 7 مانگەشییان تێدایە. سێ کەس لە دۆخێکی زۆر خراپدان.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا کرد سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بدەن بە وڵاتەکە تاوەکو یارمەتی سوپای ئۆکرانیا بدەن بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ڕووسیا بداتەوە.

دنیپرۆ کە پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی هەبووە، شارێکی گرنگی ئۆکرانیایە و دەکەوێتە سەر ئەو شەقامەی کە دەچێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کە لەوێ شەڕێکی زۆر سەخت بەڕێوەدەچێت.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 22 ی مانگی دووی ساڵی 2022 دا، دنیپرۆ بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە. ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانی سڤیلی کردبێتە ئامانج، بەڵام هەزاران کەس لەو جەنگەدا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG