Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیایی پەسەند ناکات


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

کرێملن دەڵێت ڕووسیا کەمکردنەوەی نرخی نەوتەکەی " پەسەند ناکات " و ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوە، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ڕێککەوتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر سنووردارکردنی ئەو داهاتەی ڕووسیا لە فرۆشتنی نەوتەکەیەوە دەستیدەکەوێت بەکاری دەهێنێت بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە مۆسکۆ ئامادەکاری دەکات بۆ ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپا و ئوستڕاڵیا بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " ئەم کەمکردنەوەی پەسەند ناکەین." وتیشی ڕووسیا شیکارییەکی خێرا دەکات بۆ ڕێککەوتنەکە و دواتریش وەڵامدانەوە.

ڕووسیا چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە نەوت نانێرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە بڕیاری کەمکردنەوەی نەوتی ڕووسیا جێبەجێ دەکەن، باڵیۆزی ڕووسیا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا میخایل ئولیانۆڤیش جەختی لەم هەڵوێستەی ڕووسیا کردەوە.

ئولیانۆڤ وتی " لەم ساڵەوە ئەوروپا ئیتر بەبێ نەوتی ڕووسیا دەژی."

کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا لەلایەن کۆمەڵەی حەوتەوە ڕێگە بەو وڵاتانە دەدات کە ئەندام نین لە یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بن لە هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا، بەڵام بارکردن و هەناردەکردن و بیمە و کۆمپانیاکانی بیمە بۆ مامەڵەکردن لە بارەکانی نەوتی خاوی ڕووسیادا لە سەرانسەری جیهان قەدەغە دەکات، بەڵام ئەگەر بە کەمتر لە 60 دۆلار بفرۆشرێت ئەوا هەموو ئەوانەی سەرەوە ڕێگەیان پێدەدرێت. ئەمەش دەکرێت هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا ئاڵۆز بکات ئەگەر لەو نرخە زیاتر بێت کە کۆمەڵەی حەوت دیاریکردووە، تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەشی کە بەشێک نین لە ڕێککەوتنەکەدا.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین دەڵێت کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا لە قازانجی ئەو وڵاتانە دەبێت کە داهاتییان کەمە و زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراکەوە.

یەڵین وتی " لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ڕووسیا لە ئێستاوە بەرەو دامرکان دەڕوات و بودجەکەشی تادێت کەمتر دەبێتەوە، کەمکردنەوەی نرخی نەوتەکەی دەستبەجێ سەرچاوە سەرەکییەکەی داهاتی پوتن دەبڕێت."

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەمەریکا ڕەخنەی لە " هەنگاوە مەترسیدارەکەی ڕۆژئاوا " گرت و وتی مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی کڕیار بۆ نەوتەکەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG