Accessibility links

ڕوسیا دەڵێت گفتوگۆکان لەسەر ئۆکرانیا گەیشتوونەتە کۆتاییەکەی داخراو و پۆڵەنداش هۆشداری دەدات لەسەر مەترسی جەنگ


باڵیۆزی ڕوسیا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕوسیا ئالیکساندەر لوکاشێڤیچ
باڵیۆزی ڕوسیا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕوسیا ئالیکساندەر لوکاشێڤیچ

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەڵێت ئەوروپا لە مەترسی جەنگدایە لەکاتێکدا ڕوسیا دەڵێت پێی وانیە درێژکردنەوەی گفتوگۆکان سوودی هەبێت و شارەزایانی سەربازیی ڕوسیا بژاردەکان دەخەنە بەردەم پوتن لەکاتێکدا ئەگەر گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا چارەسەر نەکرێن.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ مایکڵ کارپێنتەر دوابەدوای گفتوگۆکان لەگەڵ ڕوسیا لە ڤییەنا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕۆژئاوا دەبێت ئامادەکاری بکات بۆ ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڕوسیادا، وتی " دەنگی دەهۆڵی جەنگ بەرزتر بۆتەوە و لێدوانەکانیش تیژ و بەرزتر بوونەتەوە."

ڕوسیا دەڵێت گفتوگۆکان بەردەوام بوون بەڵام گەیشتوون بە کۆتاییەکی داخراو، ئەمە لەکاتێکدا ڕوسیا هەوڵیدەدا هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازی بکات ڕێگە نەدەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و ناتۆ فراوانبوونی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕابگرێت.

باڵیۆزی ڕوسیا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕوسیا ئالیکساندەر لوکاشێڤیچ دوای کۆبوونەوەکەی ڕوسیا لەگەڵ ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا وتی " لەم قۆناغەدا بەڕاستی نائومێدییە."

هۆشداریشیدا لەسەر " دەرەنجامێکی کارەسات " ئەگەر هەردوولا ڕێنەکەون لەسەر داواکارییەکانی ڕوسیا و هێڵە سوورەکانی، بەڵام ڕوسیا دەڵێت دەستبەرداری دیبلۆماسی نەبووە و خێراتریشی دەکات.

ئەم لێدوانانەی ڕوسیا لەسەر ئەوەی دەیەوێت بەردەوامی بە دیبلۆماسی بدات هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی داواکانی ڕۆژئاوا ڕەت دەکاتەوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا و هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن ئەوا ئەوروپا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی نادیار دەبێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا ڕاو زبیگنیو وتی " وادیارە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەی هاریکاری و ئاسایشی ئەوروپا لە ئێستادا زۆر زیاترە لە ماوەی 30ساڵی ڕابردوودا."

ڕاو ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکەی نێوان ڕوسیا و ڕێکخراوی ئاسایشی و هاریکاری ئەوروپا هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ وتی کۆبوونەوەکانی پێشوو دەریانخست کە " کۆتاییەکی داخراو یاخود بۆچوون و هەوڵی جیاواز هەیە." وتیشی مۆسکۆ پێی وایە هیچ هۆکارێکی دیکەی نیە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە دابنیشێتەوە و هەمان گفتوگۆ ئەنجام بداتەوە.

وتیشی شارەزایانی سەربازیی ڕوسیا بژاردەکان دەخەنە بەردەم سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕەوشەکەی دەوروبەری ئۆکرانیا خراپتر ببێت، بەڵام ڕێگەی دیبلۆماسی دەبێت هەلێکی دیکەی بدرێتێ، وتیشی " دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە گفتوگۆکان هێشتا لەسەر کۆمەڵێک ئاست و ئاڕاستە بەردەوامن."

لەسەر لێدوانەکانی ڕیابکۆڤ، دراوی ڕوسی بۆ زیاتر لە سەدا 2 بەرامبەر دۆلار دابەزی. بازرگانێک لە بانکێکی گەورەی ڕوسیا بە ڕۆیتەرزی وت بازاڕ کاردانەوەی هەبووە بۆ لێدوانەکانی ڕیابکۆڤ لەکاتێکدا وتوویەتی ناتوانێت ئەگەری ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی ڕوسی بۆ کوبا و ڤەنزوێلا پشتڕاست بکاتەوە یاخود بەدووری بزانێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە کەناڵی MSNBC وت " ئێستا چاودێران لەسەر ئەوەن بزانن ڤلادیمێر پوتن چی بژاردەیەک هەڵدەبژێرێت، ئایا ڕێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆکردن هەڵدەبژێرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە یاخود بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوە و دوژمنکاری هەڵدەبژێرێت؟"

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەی ئۆلیکسی ڕێزنیکۆڤدا تاوتوێی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیای کرد لەسەر سنووری ئۆکرانیا. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دوو لەسەر سێی هێزەکانی ڕوسیا لەنزیک ئۆکرانیا لە ناوچە جیاوازەکانی ڕوسیاوە ڕەوانەی سنوورەکە کراون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیتری کولیبا وتی " باوەڕم وایە تەنها ڕێگە بۆ ئەوەی ڕوسیەکان پشتڕاستی بکەنەوە کە نیازییان نیە لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە کێشەکان چارەسەر بکەن ئەوەیە کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکان."

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام زیادبوونی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار کردووە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن.

ڕوسیا دەڵێت فراوانبوونی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی هەڕەشەی بۆ سەر وڵاتەکە دروستکردووە. دەیەوێت هێڵێکی سوور بکێشێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتیەکە ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

ئەمەریکا ئەم داواکارییانەی ڕوسیای ڕەت کردۆتەوە بەڵام دەڵێت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و موشەک و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی متمانەپێکراو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوادا.

باڵیۆزی ڕوسیا لوکاشێڤیج لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا وتی تاوەکو ڕوسیا وەڵامێکی بونیادنەرانەی دەست نەکەوێت " ئەوا ناچارین سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرینەبەر بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە هاوسەنگی ستراتیژی و لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەکی قبوڵنەکراو بۆ سەر وڵاتەکەمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG