Accessibility links

یاسادانەرێکی ڕووسیا: پریگۆژین پێی وتراوە چیتر ناتوانێت لە ئۆکرانیا شەڕ بکات


یەڤیگنی پریگۆژین- سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیا
یەڤیگنی پریگۆژین- سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیا

یاسادانەرێکی باڵای ڕووسیا دەڵێت سەرۆکی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیا یەڤیگنی پریگۆژین پێی وتراوە چیتر ناتوانێت لە ئۆکرانیا شەڕ بکات چونکە ڕەتی کردۆتەوە گرێبەستەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا واژۆ بکات.

جەنەڕاڵ ئاندرێ کارتاپۆلۆڤ کە یاسادانەرێی کاریگەریی ڕووسیایە و سەرکردایەتی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی دووەمی ڕووسیا دەکات، وتی هۆکاری یاخیبوونەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئەوە بووە پریگۆژین داوایەکی وەزارەتی بەرگری ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە بۆ ئەوەی گروپەکەی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتەکەدا واژۆ بکەن.

وتی " وەکو خۆتان دەزانن چەند ڕۆژێکی کەم لەمەوبەر پێش هەوڵی یاخیبوونەکە، وەزارەتی بەرگری وتی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە شەڕ دەکەن دەبێت گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگریدا واژۆ بکەن."

وتی " هەمووان دەستییان کرد بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، جگە لە پریگۆژین."

لە 11 ی مانگی شەشدا پریگۆژین وتی چەکدارانی ڤاگنەر هیچ گرێبەستێک لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆدا واژۆ ناکەن، وتی شوێگۆ ناتوانێت یەکە سەربازییەکان بەڕێوەببات.

کارتاپۆلۆڤ وتی دوای ئەوەی پریگۆژین گرێبەستەکەی ڕەت کردۆتەوە، پێی وتراوە کە گروپەکەی چیتر ناتوانن لە ئۆکرانیادا شەڕ بکەن و هیچ پارەیەکیش لە دەوڵەتەوە وەرناگرن.

وتی لە ئەنجامی ئەوەدا پریگۆژین بەهۆی " تەماحی زۆر و پارەوە " ناپاکی کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG