Accessibility links

کرێملن: لەمیانەی سەردانەکەی پوتندا ڕووسیا و چین تاوتوێی پەیوەندیی ئابوورییەکانی نێوانیان دەکەن


کرێملن دەڵێت لەماوەی سەردانەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا بۆ چین بەمەبەستی ئامادەبوونی لە ئۆڵۆمپیادی پەکین، دوو وڵاتەکە تاوتوێی پەیوەندییەکی نزیکتر دەکەن لە بوارەکانی گاز و ئابووریدا.

ڕاوێژکاری کرێملن یوری ئوشاکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ ڕۆژی هەینی بۆ نانی نیوەڕۆ پێکەوە دەبن و پێدەچێت زیاتر لە 15 ڕێکەوتن لەنێوانیاندا واژۆ بکەن، ڕێکەوتنەکان نوێ دەبن و هەندێکیان پەیوەندییان بە گازەوە دەبێت.

ئوشاکۆڤ وتی ئەگەری دروستکردنی هێڵێکی نوێی بۆری گاز لە ڕووسیاوە بۆ چین کە لە مەنگۆلیاوە تێپەڕببێت تاوتوێ کراوە، ئەم پڕۆژەیەش ماوەیەکی زۆرە باسی لێوەکراوە و چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو بەتەواوەتی ئامادەبێت.

ئەو بۆرییە گازەی کە ئێستا هەیە و گاز لە ڕووسیاوە دەگوازێتەوە بۆ چین بە سڕبیادا تێپەڕدەبێت و پڕۆژەکە 4,000 کیلۆمەترە و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە دەگوازێتەوە بۆ چین. لە ساڵی 2019 دا ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکرد و نزیکەی 10 ساڵی خایاند تاوەکو دوو وڵاتەکە ڕێکەوتن لەسەر مەرجەکانی گەیاندنی گازەکە بۆ چین.

هەندێک لە شارەزایان گومانیان هەیە لەوەی پڕۆژەی دووەمی هێڵی بۆری گاز لە ڕووسیاوە بۆ چین پەسەند بکرێت.

بەڵام سەردانەکەی پوتن بۆ چین لەکاتێکدایە کە هەندێک لە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا گومانیان لە هەناردەی گازی ڕووسیا هەیە بۆ ئەوروپا.

ئوشاکۆڤ وتی " شایەنی باسە کە بازاڕی گازی چین لە جیهاندا بەخێرایی گەشە دەکات."

لە مانگی دوانزەدا نرخی گاز لە ئەوروپادا گەیشتە بەرزترین ئاستیەوە. هەناردەکردنی گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا کەوتۆتە ژێر مەترسییەوە لەکاتێکدا ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، لەو ناوچانەدا کە گازەکەی ڕووسیا بە ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ئوشاکۆڤ وتی ڕووسیا و چین هەوڵی جددی دەدەن بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی دارایی هاوبەش کە ببێتە هۆی پاراستنی هاریکارییەکانی ڕووسیا و چین، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر وڵاتانی دیکە سزایان بەسەردا بسەپێنن.

ئوشاکۆڤ وتی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و وەزیری وزەی ڕووسیا نیکۆلای شولگینۆڤ و بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای ڕۆسنەفت ئیگۆر سێشین، لەنێو ئەو شاندەی ڕووسیادا دەبن کە سەردانی چین دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG