Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە ڕۆژئاوا: سزاکانمان زیانتان پێدەگەیەنن


ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی کار لەسەر وەڵامێکی بەرفراوان دەکاتەوە بۆ سزاکان و بەشێوەیەک دەبێت کە لە هەستیارترین ناوچەکانی ڕۆژئاوادا هەستی پێبکرێت.

ئابووری ڕووسیا بەشێوەیەک زیانی بەرکەوتووە کە لە ساڵی 1991 ەوە نەبیندراوە لەکاتێکدا کە یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا. ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای کەمەرشکێنی سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا کە ئابووری و سیستمی دارایی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج.

دەزگای هەواڵی RIA ی ڕووسی لە زاری بەڕێوبەری بەشی هاریکاری ئابووریی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دمیتری بیریچێڤسکیەوە بڵاویکردەوە " کاردانەوەی ڕووسیا خێرا دەبێت و بەشێوەیەک دەبێت کە ئامانجەکانی هەستی پێدەکەن."

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەستبەجێ هەناردەکردنی سوتەمەنی و هەناردەکانی دیکەی وزەی ڕووسیای قەدەغەکرد، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

ڕووسیا دەڵێت ئەوروپا ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن تەن سوتەمەنی پێویستە، ڕووسیا لە سەدا 30 ی ئەو بڕە دابین دەکات، کە دەکاتە 150 ملیۆن تەن، هاوکات 80 ملیۆن تەنیش لە پیترۆکیمیاییەکان بۆ ئەوروپا دابین دەکات.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە " پێویستە بۆ ئاسایشی ڕووسیا دوای ئەوەی ئەمەریکا هاوپەیمانێتی ناتۆی فراوانکرد بۆ نزیکی سنوورەکانی ڕووسیا و پشتیوانی لە ڕابەرانی کیێڤ کرد کە چوونەتەپاڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

ئۆکرانیاش دەڵیت بۆ بوونی خۆی شەڕ دەکات و ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپی و ئاسیاییەکانی سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG