جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت وڵاتەکەی لە دژی ئەو پـرۆژە بڕیارەیە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داڕێژراوە بۆ درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیـیەکان لەو هێرشانەی لە سوریا بە چەکی کیمیایی کراون.
سێرگێی ڕیابکۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە مۆسکۆ ئەمەی ڕاگەیاند پاش چەند کاژمێرێک لەوەی وڵاتەکەی ڕاپـۆرتێکی نێودەوڵەتی ڕەتکردەوە کە تیایدا ئۆباڵی هێرشێکی کیمیایی لە سوریا دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
جێی ئاماژەیە پـرۆژە بڕیارەکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە داڕێژراوە و تیایدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکرێت هاوکاری تەواوبکەن لەگەڵ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیـیەکان، وە ڕێگە بە سوریا نەدرێت چەکی کیمیایی دروستبکات.
لێکۆڵینەوەکان کە بە هاوبەشی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بەڕێوەدەچن، بەپـێی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشە کە لە ساڵی 2015 پەسەندکرابوو و لە ساڵی 2016 بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکرایەوە و لە ناوەڕاستی ئەم مانگی یازدەیە بە کۆتاییدێت ئەگەربێت و نوێ نەکرێتەوە.
لە 26 ی مانگی دە ڕاپـۆرتێکی تیمی لێکۆڵینەوەکان گەیشتە ئەو ئەنجامەی حکومەتی سوریا بەرپـرسیارە لەو هێرشە کیمیایـیەی لە مانگی چواردا کرایە سەر شارۆچکەی خان شەیخون لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە بووە مایەی گیان لەدەستدانی دەیان کەسی سیڤیل و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.
بەڵام مۆسکۆ کە پشتیوانی لە ڕژێمی سوریا دەکات دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت دیمەشق بەرپـرسیارە لەو هێرشە. دەشڵێت ئەو کەرەستە کیمیایـیانەی خەڵکی سیڤیلی کوشت لە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بوون.