Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر شارێکی داگیرکراو بووەتە هۆی کوژرانی 28 کەس


ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا وتی لە هێرشێکی ئاسمانی ئۆکرانیادا بۆ سەر نانەواخانەیەک لە شاری داگیرکراوی لیسیچانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا 28 کەس گیانییان لە دەستداوە، منداڵێکیشییان تێدا بووە.

ڕۆژی شەممە هێزەکانی ڕووسیا وتییان کیێڤ لە بینایەکی داوە کە نانەواخانەیەکی تێدا بووە کە لەلای خەڵکەکە بەناوبانگ بووە.

ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر هێرشەکە نەداوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە وتی سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی کردووە لە بەرەی باشوور.

لیسیچانسک شارێکە دەکەوێتە هەرێمی لوهانسکی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە کە لە یەکێک لە سەختترین و خوێناویترین شەڕەکاندا لە هاوینی ساڵی 2022 دا لەلایەن هێزەکانی مۆسکۆوە کۆنتڕۆڵکرا.

پێش ئەوەی سوپای ڕووسیا بچنە ئۆکرانیاوە، شارەکە نزیکەی 110,000 دانیشتووی هەبوو.

وەزارەتی بارودۆخە بەپەلەکانی ڕووسیا وتی " ئەرکانی فریاگوزاری لە شوێنی نانەواخانە ڕووخاوەکەدا بەردەوامن، 28 کەس بە منداڵێکیشەوە گیانییان لە دەستداوە."

بەرپرسانی لوهانسک دەڵێن 18 پیاو و نۆ ژن و منداڵێک لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

بەڵام ئاماژەیان بە تەمەنی منداڵەکە نەدا.

ڕۆژی شەممە ڕووسیا وتی گوایە ئۆکرانیا لە هێرشەکەیدا چەکی ڕۆژئاوایی بەکارهێناوە و وتی پێشبینی ئەوە دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی " بەبێ هیچ مەرجێک سەرکۆنەی " ئەو هێرشە بکات.

ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەی سوپای ئۆکرانیا وتی هێزەکانییان " 12 ناوچەیان پێکاوە کە سەربازانی دوژمنییان تێدا بووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG