Accessibility links

بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا لانیکەم 29 کەس بریندار دەبن


بەرپرسانی سەربازیی و ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە وتییان ڕووسیا بە چەندین موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کردووەتە ئامانج و لانیکەم 29 کەس بریندار بوون.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی هێرشەکە هەرێمەکانی هێڵەکانی پێشەوەی چێرنیهیڤ و سومی و خارکیڤ و دۆنێتسکی کردووەتە ئامانج.

ڕووسیا بە هێرشی ئاسمانی هەرێمەکانی سەر سنووری ئۆکرانیای بۆردومان کردووە، کیێڤیش دەڵێت هێرشە کتوپڕەکەی پێشووتری لەم مانگەدا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا ئامانج لێی ئەوە بووە تواناکانی ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاسمانییانە کەم بکاتەوە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی " زۆربەی موشەکەکان نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانییان." وتیشی ڕووسیا موشەکی باڵیستیکی ئیسکاندەر – ئێم و موشەکی کروزی ئیسکاندەر – کەی و شەش موشەکی ئاسمانی ئاڕاستەکراوی هەڵداوە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند موشەکییان لە ناوبردووە.

بەرپرسانی هەرێمی سومی وتییان بەهۆی هێرشێکی موشەکییەوە بۆ سەر هەرێمەکە کەسێک کوژراوە و لانیکەم 16 کەسی دیکە بریندار بوون.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ لە ڕۆژهەڵاتەوە، ئۆلی سینیهوبۆڤ، وتی لە هێرشەکانی ڕووسیادا لانیکەم 13 کەس بریندار بوون، منداڵێکی تەمەن 4 ساڵیشیان تێدا بووە.

سەرۆکی شارەوانی شاری خارکیڤ ئیهۆر تیریخۆڤ وتی هێڵێکی بۆری گاز لە شارەکەدا زیانی بەرکەوتووە و لانیکەم دوو خانووش لە ناوچوون و 10 خانووی دیکە زیانییان بەرکەوتووە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا نۆ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجام داوە، بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەسەر هەرێمی میکۆلایڤدا خستووەتە خوارەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG