ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ بۆ بەکارهێنانی " بۆمبێکی پیس " لەسەر خاکەکەی خۆی، بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا ئەم تۆمەتەی ڕووسیایان ڕەت کردەوە و وتیان پاساوێکە بۆ زیادکردنی جەنگەکە.
ڕۆژی دووشەممە مۆسکۆ نامەیەکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و تیایدا بە وردەکارییەوە باس لەو بابەتە دەکات، هەروەها لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باسی لەو بابەتە کردووە.
جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دمیتری پۆلیانسکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە تەواو ڕازین چونکە هۆشیاریماندا. کێشەم نیە خەڵک بڵێن ڕووسیا ئەو گورگەیە کە دەگری ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، چونکە ئەمە کارەساتێکی زۆر زۆر خراپە کە ڕەنگە مەترسیی لەسەر هەموو زەوی دروست بکات."
ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ دووبارە جەختی لە بابەتەکە کردەوە و وتی ڕۆژئاوا ژیر نیە ئەگەر گوێ نەداتە ئەو تۆمەتانە و ڕەتییان بکاتەوە.
لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو هەرێمی خێرسۆنی داگیرکراوی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن و مەترسی شکستێکی گەورەی مۆسکۆیان دروست کردووە، بەرپرسانی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە پەیوەندی تەلەفونییان لەگەڵ هاوتا ڕۆژئاواییەکانیدا ئەنجامدا و تاوتوێی ڕەوشی ئۆکرانیایان کرد.
ڕووسیا دەڵێت گوایە ئۆکرانیا فەرمانی بە دوو ڕێکخراو کردووە بۆمبێکی پیس دروست بکەن، ئامێرێکی تەقینەوە کە لکێندراوە بە ماددەیەکی تیشکدەرەوە. بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان نەخستۆتە ڕوو.
فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەمەریکا دەڵێن ئەو تۆمەتانەی ڕووسیا " هەڵەن " و واشنتن هۆشداریدایە ڕووسیا و وتی " دەرەنجامێکی توند " لەسەر ڕووسیا دەبێت ئەگەر هەر جۆرە چەکێکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.
جێگری باڵیۆزی بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەیمس کاریوکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ بەڵگەیەکی نوێمان نەبینیوە و نەشمان بیستووە، ئەمە لەو جۆرە زانیارییە هەڵانەیە کە ڕووسیا بڵاوییان دەکاتەوە و پێشتر چەند جارێک بینیومانە و دەبێت بوەستێت."
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئامانج لە هێرشی بۆمبە پیسەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە ڕەنگە ئەوە بێت کە مۆسکۆ بە بەرپرس دابنێن لە پیسبوونی هەوا بە ماددەی تیشکدەر، وتیشی ڕووسیا خۆی بۆ ئەوەش ئامادە کردووە.
وەکو وەڵامێک بۆ تۆمەتەکانی ڕووسیا، دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی پشکنەرەکان بۆ دوو شوێنی نەزاندراوی ئۆکرانیا، ئەوەش لەسەر داوای کیێڤ، هەردوو شوێنەکەش دەپشکنرێن.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی پشکنەرەکان بە تەواوەتی ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە دوو شوێنەکەوە، هەروەها داوای لە مۆسکۆ کرد هەمان شەفافی ئۆکرانیا پیشان بدات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز