بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر دوو هەرێمی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە سنوورییان بە سنووری پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆوەیە، لەگەڵ چەند ناوچەیەکی دیکەشدا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە هێرشەکەی ئەمجارە گەورەترین هێرشی ئاسمانی ڕووسیا بووە بۆ سەر هەرێمی لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا.
فەرمانڕەوای هەرێمی ڤۆلین یوری پۆهولیایکۆ وتی کوژراوەکان لە هەرێمی ڤۆلینی باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بوون. بەرپرسان دەڵێن دامەزراوەیەکی پیشەسازی لە لوتسکی پایتەختی هەرێمەکە کراوەتە ئامانج. چەندین کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
فەرمانڕەوای هەرێمی لڤیڤ ماکسیم کۆزیتسکی وتی 15 کەسیش لە هەرێمی لڤیڤ بریندار بوون. شەش موشەک بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان بینا و گۆڕەپانی یاریکردنی باخچەیەکی ساوایان لە ناوەوە و دەرەوەی پایتەختی هەرێمەکەدا. وتیشی منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە نێو قوربانییەکاندا بووە.
هەرێمەکانی لڤیڤ و ڤۆلین هەردووکییان دەکەونە سەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆدا، هەروەها سەدان کیلۆمەتریش لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکەوە دوورن.
هێرشەکانی سەر شاری لڤیڤ تاوەکو مانگی حەوت کەمببوونەوە، کە لەو کاتەدا بەهۆی موشەکێکەوە کە بینایەکی نیشتەجێبوونی کردبووە ئامانج حەوت کەس لە شارەکەدا گیانییان لە دەستدا.
بە گشتی شارەکە بە شارێکی پارێزراو دادەنرێت لە ململانێکەدا، هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتیش دەگوازنەوە بۆ ئەوێ و ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش بنکەیان لەوێدا هەیە. هەروەها خاڵی تێپەڕبوونی پەنابەرانی ئۆکرانیا بووە لە ڕێگەیاندا بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ئۆکرانیا دێنیس براون وتی " ئەمانە ئەو بەشانەی وڵاتەکەن کە ملیۆنان خەڵک هەوڵ دەدەن تێیدا پەناگەیەکییان دەستبکەوێت و پارێزراو بن، ئەوەش دوای ئەوەی لە دەست ترسناکییەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا هەڵاتوون."
وتیشی " هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا کە ژێرخانە گرنگەکان دەکەنە ئامانج لە ناوچەکانی دانیشتواندا دەبنە هۆی ناڵاندنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو."
هەر لە ڕۆژی سێشەممەدا لانیکەم دوو کەسی دیکە لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری دنیپرۆی باشووری ئۆکرانیا بریندار بوون، فەرمانڕەوای هەرێمەکە وتی دامەزراوەیەکی کار و بینایەکی وەرزشی کراونەتە ئامانج.
سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شیمهال وتی ژێرخانی سڤیل بە قوتابخانەکان و نەخۆشخانەیەکەوە لە کۆی هەشت هەرێم لە هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەدا زیانییان بەرکەوتووە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیاش وتی هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە بە لانیکەم 28 موشەکی کروز ئەنجام دراوە.
وتی 16 موشەک هەڵدراون، تاوەکو ئێستا هەواڵی قوربانی دیکە نیە.
بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک وتی " تیرۆری ڕۆژانەی ڕووسیاییەکان یەک ئامانجی هەیە: بۆ شکاندنمان، بۆ شکاندنی ڕۆحی شەڕکردنمان. ئەمە ڕوونادات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز