لەگەڵ دوورکەوتنەوەم لە سنوور و ڕێگاپێوان بەرەوە مەنزڵ، دیمەنەکان تا دەهات لە پاشماوەی جەنگ دەچوون؛ پردی ڕووخاو، ئۆتۆمبێلی تێکشکاو و خانووە خاپووربووەکان، بەڵام هیچیان بە قەد ئەو سەدان گۆڕە تازە هەڵکەنراوانە سەرنجی چاویان ڕانەدەکێشا، کە هەریەکە و چەند کەسێکی لە تەنیشت دانیشتبوون و بۆ ئازیزێکیان دەگریان. من بەرەو (سەرپێڵی زەهاو) دەچووم، ناوجەرگەی بوومەلەرزەکە.
سێ ڕۆژ پێشتر
شەوێکی پڕ لە پێکەنین و شادیی دوای سفرەی ئێواران، بۆ دانیشتوانی ناوچەی زەهاو لە پارێزگای کرماشان بوو بە شەوەن و ڕۆڕۆ، ئیتر زۆرێک لە ئەندامانی ئەو خێزانانەی کە پێشتر دەوری سفرەیان دابوو، هەریەکەو کەوتنە ژێر دار و بەردی خانووە ڕووخاوەکان، کاتێک بوومەلەرزەیەک لە چاوتروکانێکدا بە گوڕی ٧.٣ لە ناوچەکەی دا.
بۆ ڕۆژی دواتر ئەو وێنە سەرەتاییانەی کە بڵاوبوونەوە ئەوەی نیشاندا کە مەرگەساتێکی گەورە لە ناوچەکەدا خوڵقاوە، ئەوە بوو منیش وەکو ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد، کامێراکەم هەڵگرت و بەرەو سنوور کەوتمە ڕێ. دوای گەشتنم بە شوێنە زیانلێکەوتووەکان، لە هەر کوچە و کۆڵان و بەردەمی هەر ماڵێکی ڕووخاودا چەندین چیرۆکی دڵتەزێنم دەبینی، هاواری باوکی منداڵی لەدەستچوو، گریانی منداڵی دایک مردوو لەگەڵ فرمێسکی گۆڕهەڵکەنی تۆزگرتوو.
چیرۆکی مەرگی خێزانەکەی (ئازاد)ی هەشت ساڵان
بەهۆی داخستنی سنوور لەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ناچاربووم ڕوو لە باشووری عێراق بکەم و لەوێوە پێبنێمە نێو خاکی ئێران. سنوورم تێپەڕاند و لەگەڵ شۆفێرێک بەناوی (ڕەحیم) ڕێککەوتین بمگەیەنێتە سەرپێڵی زەهاو. کەمتر لە کاتژمێرێکی برد و گەشتمە شارە ڕووخاوەکە.
لە شوێنێک ئۆتۆمبێلەکەمان ڕاگرت. سەدان خێمە هەڵدرابوو لەنێو سەدان خانووی ڕووخاودا. کامێراکەمم بەرزکردەوە و دەستم کرد بە ڤیدیۆگرتن. لە چاوی کامێراکەمەوە منداڵێکی بچووکی تەنها کە بلووزێکی سەوزی لەبەربوو سەرنجی ڕاکێشام. کامێراکەمم داگرت و سەیرم کرد. بە تەنها بە دەوری خانوویەکی ڕووخاودا ئەسووڕایەوە. لێی نزیک بوومەوە و پرسیم: "دایک و باوکت لەکوێن؟" خەمی ئەوەم بوو لە خێزانەکەی ون بووبێت. بەڵام ئەو وەڵامێکی دامەوە تاسام. بە شێوەیەک تاسام هێنامییەوە بۆ واقیع و تێیگەیاندم ئەمە نە فیلمێکی سینەماییە نه چیرۆکی نێو ڕۆمانێک، ئەمە ڕاستییه و ئەگوزەرێت. ئەو وتی: "هەموویان مردن"! تێگەشتم هەندێک جار ئەوەی لە واقیعدا ئەگوزەرێت، بەسوێترە وەک لەوەی لە چیرۆکە خەیاڵییەکاندا هەیە.
ئازاد منداڵێکی بچووکی ئەسمەر ڕەنگە. تەمەنی هەشت ساڵە. ئەو پێش بوومەلەرزەکە لەگەڵ خوشک و دایک و برا و پووریدا چاوەڕێی باوکیان ئەکەن بگەڕێتەوە ماڵەوە. باوکیان لە (کرماشان) بوو و بۆ کارێک سەردانی ئەوێی کردبوو. زانا پڕبەدڵ چاوەڕوانی ئەوە بێتەوە و ڕازی نابێت بخەوێت، چونکە بابەی پەیمانی داوەتی لە کرماشان بووکەڵە و یاری بۆ بێنێتەوە. لە دەرگا ئەدرێت و باوکی خۆی ئەکات بە ژووردا. وەختێک بەرەو ڕووی زانا و خێزانەکەی هەنگاو ئەنێت، بوومەلەرزە ڕێگا نادات ئەم باوک و کوڕە باوەش بەیەکدا بکەن. زەوی دەست ئەکات بەلەرینەوە و خانووەکە دەست ئەکات بە ڕووخان. زانا شاهێدی مردنی باوکی ئەبێت، دواتر دایکی، دواتر خوشکەکەی، براکەی و پوورەکەی.
بیستنی ئەم چیرۆکە گەلێک قورس بوو. بەڵام قورستر بیستنی بوو لە خودی زاناوه، منداڵێکی هەشت ساڵان. من بە تاسەوە سەیری زانام ئەکرد، لە پڕ بینیم لە دەوروپشتمان قەرەباڵەخییەک درووستبووە. ئەوان دراوسێکانی ماڵی زانا بوون. لەگەڵ ئەوەی زانا وشەکانی ڕێکئەخست، گەورە و ڕیشسپییەکانی ئەوێ دەستیان بە گریان ئەکرد. یەکێک لە پیاوەبەساڵاچووەکان خۆی پێنەگیرا و بەسەر شانی مندا دەستی کرد بە گریان. پیاوە گەورەکان خۆیان لەبەردەم چیرۆکی زانا نەگرت، بەڵام زانا فرمێسکێکیش لە چاوی نەهاتە خوار. چیرۆکی لەدەستدانی کەسوکارەکەی ئەگێڕایەوە بێ ئەوەی بگری یانی دڵتەنگ ببێ. تەنها لە چاوەکانی یەک شت ئەبینرا، پرسیار و سەرسوڕمان. ئەو بە تەواوی تاسا بوو بە ڕووداوەکان.
کە جێمهێشتن، پرسیارم لە دراوسێکانیان کرد کە "کێ زانا بەخێو ئەکات لە ئێستا بەدواوە"؟ ئەوان وتیان: "مامێکی هەیە، ڕەنگە بیباتە لای خۆی."
دوو ئەندازیار لە ئازەربایجانەوە
یەکێک لەو دیمەنانەی کە زۆر سەرنجڕاکێش بوو هاتنی هەزاران کەس بوو بۆ یارمەتی لە سەرانسەری ئێرانەوە کە خاوەنی زمان و ئاینزای جوودابوون. کورد، فارس، ئازەر، عەرەب. بەلوچ، سوننی، شیعی و چەندین نەتەوە و ئاینزای تر. ئەوان ماڵەکانیان جێهێشتبوو و بە هێنانی شمەک و پێداویستی سەرەکی وەک خواردن و جلوبەرگ بۆ یارمەتی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هاتبوون. (خەلیل) یەکێک بوو لەو هاوڵاتیانەی لەنێو خێوەتێکدا لە بەردەم خانووە ڕووخاوەکەیدا دانیشتبوو و لێی ئەڕوانی کە تەنها چەند هەفتەیەک تێپەڕیبوو بەسەر تەواوبوونیدا. (خەلیل) چەندین ساڵ بوو خەونی ئەوەی ئەبینی لەژێر سەقفی خانوویەکدا کە موڵکی خۆیەتی بخەوێت و لە کرێچێتی ڕزگاری ببێت، بەڵام لەو ساتەدا خەم و ترسی ئەو ئەوە بوو چۆن ئەو زستانە لە خێمەیەکدا بەسەرببات لەگەڵ خێزانەکەیدا و لە سەرما و سەختی وەرزەکە سەلامەت بن.
گەرچی خانووەکەی خاپوور بووبوو، بەڵام زۆرێک لە کەرەستەکانی ناو ماڵەکەی لە دەرەوە دانرابوون و ڕزگارکرابوون. (خەلیل) وتی کە "ئێمە نەبووین ئەو کەرەستانەمان دەرهێنا، بەڵکو دوو ئەندازیاری گەنج بوون لە ئازەربایجانەوە هاتبوونە ئێرە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی زیانلێکەوتوو. کە زانیان ئەوە خانووی ئێمەیە، دوو ئەندازیارە ئازەرەییەکە چوونە ژوورەوە و بەبێ گوێدانە سەلامەتی ژیانیان، کەرەستەکانیان بۆ دەرهێناین." (خەلیل) وتی: "تێگەشتم مرۆڤایەتی ئاین و ڕەگەز نازانێت."
“بابە بۆ نوێژ خەبەرم بکەنەوە”
بەرەو دێی (تەپانی) کەوتمە ڕێ. لە ڕاستیدا چەن دێیەکی لێبوو ئەو ناوچەیە. بەپێی قسەی دانیشتوانەکە لە تەنها لەیەک دێیاندا ٤٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ناشتوویانن. چوومە سەر گۆڕەکان و شاهێدیان بووم. بەرەوە لادێی تەپانی هەنگاوم ئەنا. خەڵکێکی زۆری لێبوو، تیمی فریاکەوتن، ئەو خەڵکانەی بۆ یارمەتی هاتبوون، لەگەڵ سەدان یەکەی پۆلیس لەو ناوچە بڵاوەیان پێکرابوون. پۆلیسەکان ئەیانوت ئێمە بۆ یارمەتیدان هاتووین، بەڵام هەندێک لە خەڵکەکان ئەیانوت ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لەهەرجۆرێک لە یاخی بوون و سەرهەڵدان. خەڵکی ئەوێ لە حکومەت زۆر تووڕە بوون. ئەوان پێیان وابوو حکوومەت نەهاتووە بەدەم هاواریانەوە و هیچ یارمەتییەکیان پێشکەش نەکردوون.
پیاوێک ٤٠ ساڵانم بینی منداڵێکی کۆرپەی چەند مانگی بەباوەشەوە بوو و لەنێو خانوویەکی ڕووخاودا هاتووچۆی ئەکرد، جێی بەخۆی نەئەگرت. ئەو فەرهاد بوو. لە فەرها نزیکبوومەوە. وتم: "من لە کوردستانی عێراقەوە هاتووم". فەرهاد باوەشی پێدا کردم و توند گوشیمی. وتی "یاخوا بەخێربێن سەرچاوم هاتن". ئینجا دەستی بە گریان کرد. یەکێک لەوێ بوو ئاماژەیەکی بۆ کردم و وتی "هەموو خێزانەکەی لەدەستداوە، ئەو کۆرپەیە نەبێت."
سیمای فەرهاد گەلێک ماندوویی پێو دیار بوو. خۆڵ و تۆزی خانووە ڕووخاوەکە بە فرمێسکەکانی سەر گۆنایەوە لکابوون. چاوەکانی سوور بووبوون ئەوەندە گریا بوو. فەرهاد خاوەنی خێزانێک بوو کە پێکهاتبوو لە خۆی و هاوسەرەکەی و سێ منداڵ، دوو کوڕ و کچێک. پێش ئەوەی بوومەلەرزەکە ڕووبدات، فەرهاد منداڵەکانی خەواندبوو. کوڕە گەورەکەی کە دە ساڵێک ئەبوو، بەرماڵەکەی لەلای سەریەوە دانابوو و وتبووی: بابە بۆ نوێژ خەبەرم بکەنەوە. دوای چەند ساتێک دەنگی بوومەلەرزە هەموویان ئەتۆقێنی. خانوو ئەڕووخێت بەسەریاندا. فەرهاد نازانێ چی بکات. بەرەو لای کوڕەکەی ئەڕوات، گیانی سپاردووە وەختێک چەند بلۆکێک بەر سەری کەوتبوون. ئەگات بە کچەکەی، دڵی ئەویش لە لێدان کەوتبوو. فەرهاد بە گریان و هاوارەوە خێزانی لە ژێر سەقفە ڕووخاوەکە دەرئەهێنێ، بەڵام ئەبینێت ئەویش جێی هێشتووە.
لەو نێوەندەدا لە باوەشی هاوسەرە کۆچکردووەکەیدا، (ئارینا)ی چوار مانگ ئەبینێ کە هێشتا لە ژیانە و هەناسە ئەدات. دایکی ئارینا خۆی خستبووە بەردەم سەقفە ڕووخاوەکە بۆ ئەوەی ئارینای کوڕی بپارێزێت لە مردن. خۆی گیانی ئەبەخشێ بەڵام (ئارینا)ی وەکو یادگاری ئەو خێزانە مایەوە.
ئەو چەند ڕۆژەی لەوێ بووم و وەکو ئەرکی ڕۆژنامەوانی کاری خۆمم بە ئەنجام ئەگەیاند، دیمەنەکان نوێ بوون بۆم. ئەوەندە ئازارم بەیەکجار لە شوێنێکدا نەدیبوو. کارەساتە سرووشتییەکە ڕەحمی بەکەس نەکردبوو. بەڵام گەر لەپاڵ ئەم هەموو ئازار و مەینەتییە پەیامێکی جوانم بینیبێ، هاتنی هەزاران کەس بوو لە زمان و نەتەوە و وڵاتی جیاوازەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکە لێقەوماوەکە. ئەوەی لەوێ ڕوویدا ئەیوت: مرۆڤایەتی شتێک لەبارەی زمان و ڕەنگ و ڕەگەزەوە نازانێت. تورکێکی ئازەربایجان، کوردێکی سلێمانی، فارسێک لە مەشهەد و عەرەبێک لە ئەهوازەوە هاوشانی چەندین نەتەوەی تر لەوێ کۆببوونەوە و بە سڕینی فرمێسکی زیانلێکەوتووانیش بووبێ هەوڵی ئەنجامدانی کارێکی باشیان ئەدا.
دوای تەواوبوونی کارەکەم و کۆکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و دیکۆمێنتی پێویست، گەڕامەوە سلێمانی و لە ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییدا کە لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوبوویەوە ئازار و مەینەتی و ڕووداوەکانی ئەوێم بۆ جیهان گواستەوە.