بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا بەرپرسانی سعودیە و ئێران بەنیازن لەم مانگەدا دانوستانی ڕاستەوخۆی زیاتر ئەنجام بدەن، بەڵام ئاماژەیان بە کاتەکە نەدا، ئەوەش بەمەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
هیچ کام لە سعودیە و ئێران کۆبوونەوەکەی ئەمدواییەیان پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام نوێنەری ئێران لە عێراق پێشوازی لە نێوەندگری عێراق کرد بۆ خستنەوەی ئاشتەوایی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا. لە ساڵی 2016 ەوە ئێران و سعودیە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە نەماوە.
ئەم دانوستانانە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان زیندووبکاتەوە، سێ ساڵ لەمەوبەر بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.
بەرپرسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی " کۆبوونەوەکەی مانگی چوار بونیادنەرانە بوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک بابەت کراوە، لەنێویاندا قەیرانی یەمەن و ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران."
بەرپرسەکە و دوو سەرچاوە وتیان پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگەدا پێدەچێت کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتەکەی پەیوەستە بە دانوستانەکانی ڤییەناوە، بەرپرسێکی بیانی لە سعودیە وتی واپێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگی چوار یاخود سەرەتای مانگی پێنج کۆبوونەوەی دووەم بەڕێوەبچێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز