Accessibility links

بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکان: وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران لە چین کۆدەبنەوە


بەرپرسێکی ئێرانی و ڕۆژنامەیەکی سعودی ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەرانی باڵای سعودیە و ئێران لە پەکینی پایتەختی چین کۆدەبنەوە، لە کاتێکدا کە دوو وڵاتەکە کاردەکەن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە نێوەندی ئەو ڕێککەوتنەدا کە چین نێوەندگری تێدا کردووە.

کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود و وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا یەکەمین کۆبوونەوەی دیبلۆماتکارانی باڵای دوو وڵاتەکە دەبێت.

دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتییەکەی نێوانیان کە بووە هۆی کەوتنەوەی ململانێ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاران و ڕیاز ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییە دیبلۆماتییەکەی نێوانیان و دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتردا، ئەمەش لە ڕێککەوتنێکی گەورەدا کە مانگی ڕابردوو چین کارئاسانی بۆ کرد.

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ڕۆیتەرزی وت " دوو نوێنەرە باڵاکە ڕێککەوتوون لە 6 ی مانگی چواردا لە پەکین کۆببنەوە و ڕێککەوتنەکەش لەلایەن چینەوە کارئاسانی بۆ کراوە."

ڕۆژنامەی شەرق ئەل ئەوسەتی سعودیە لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە لە ڕیاز بڵاویکردەوە " هەڵبژاردنی چین وەکو درێژکردنەوەیەک دەبێت بۆ ڕۆڵە ئەرێنییەکەی پەکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە و کارئاسانیکردن لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا."

وتیشی بابەتی دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان کە مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا و ئامادەکارییەکان بۆ دیاریکردنی باڵیۆزەکان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن.

لە ساڵی 2016 دا سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بڕی، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران هێرشی کرایەسەر، لە نێوەندی ناکۆکییەکی نێوان دوو وڵاتەکەدا سەبارەت بە لە سێدارەدانی مەلایەکی شیعە لەلایەن سعودیەوە. سعودیە داوای لە دیبلۆماتکارانی ئێران کرد لە ماوەی 24 کاتژمێردا سعودیە جێبهێڵن و لە هەمان کاتیشدا باڵیۆزخانەکەی لە تاران چۆڵ کرد و کارمەندەکانی گواستەوە.

لە ساڵی 2015 دا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە خراپتر بوون دوای ئەوەی سعودیە و ئیماڕات دەستیان وەردایە جەنگی یەمەنەوە، کە لەوێ حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران حکومەتەکەی یەمەنییان دوورخستەوە کە سعودیە پشتیوانی لێدەکرد و سەنعای پایتەختییان کۆنتڕۆڵ کرد.

سعودیە پێی وایە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێراندا ئاسایشی وڵاتەکەی باشتر دەکات. سعودیە بەردەوام ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پڕچەککردنی حوسییەکان کە ئەوانیش هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کردۆتە سەر شارەکانی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانی.

لە ساڵی 2019 دا سعودیە ڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە. بەڵام تاران ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG