سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای سعودیە فەیاد ئەلڕوەیلی ڕۆژی یەکشەممە10ی مانگی یازدە سەردانی تاران دەکات و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوانییان دەکەن، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران کە لە زاری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە.
سەردانەکە دوابەدوای هەڵبژاردنی دانۆڵد ترامپ دێت وەکو سەرۆکی ئەمەریکا کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێدەکات، هەروەها بەڵێنیشیداوە ئاشتی بهێنێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ دەستپێشخەری کرد لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختی ئێراندا، ئاساییکردنەوەکانیش بە ڕێککەوتنەکانی ئابراهام ناسراون.
سعودیە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروست نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە بە ڕۆیتەرزی وت جارێد کوشنەری زاوای ترامپ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و تاوتوێی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیەیان کردووە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی ئەلڕوەیلی سەرکردایەتی شاندێکی باڵای سەربازیی سعودیە دەکات لە تاران و لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەنەڕاڵ محەمەد باقریدا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییە دوو لایەنی و بەرگرییەکانی نێوانییان دەکەن.
وتیشی باقری ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ وەزیری بەرگری سعودیە شازادە خالید بن سەلماندا ئەنجام داوە و تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و باشکردنی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە لە ڕووی سەربازییەوە.
لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا تاران و ڕیاز لە ڕێی نێوەندگری چینەوە ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان، ئەوەش دوای حەوت ساڵ لە دوژمنایەتی کە مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی کەنداو دروست کردبوو، هەروەها ئەو ناکۆکییەی نێوان دوو وڵاتەکەش بووە هۆی گڕگڕتنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە یەمەنەوە بۆ سوریا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز