ڕۆژی سێشەممە سعودیە ڕایگەیاند حاجییان دەتوانن پێشبینی پلەیەکی گەرمای بەرز بکەن لە ماوەی حەجدا، بە جۆرێک پلەکانی گەرما دەگەنە 44 پلەی سیلیزی، ساڵی ڕابردوو پلەکانی گەرما زیانی بە زۆرێک لە حاجییان گەیاند.
سەرۆکی ناوەندی کەشناسی نیشتیمانی سعودیە ئەیمەن غولام بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پلەی گەرمای پێشبینی کراو بۆ حەجی ئەمساڵ زیاتر دەبێت و لە مەککە و مەدینە یەک بۆ دوو پلە گەرمتر دەبێت لە کاتی ئاسایی."
وتی پێشبینی دەکرێت لە سەدا 25 شێ هەبێت و ڕێژەی باران بارین سفرە و پلەی گەرما دەگاتە 44 پلەی سیلیزی."
حەج لە 14 ی مانگی شەشدا دەستپێدەکات و یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئایینی ئیسلام و دەبێت لانیکەم یەک جاریش بێت لەلایەن هەموو موسوڵمانێکەوە جێبەجێ بکرێت، ئەوانەی کە لە توانایاندا هەیە جێبەجێی بکەن.
بەپێی داتا فەڕمییەکان، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 1.8 ملیۆن موسوڵمان چوون بۆ حەج. بەپێی بەرپرسانی سعودیە، ساڵی ڕابردوو پلەی گەرما کاریکردووەتە سەر زیاتر لە 2000 کەس، ئەوەش دوای ئەوەی پلەکانی گەرما گەیشتنە 48 پلەی سیلیزی.
بەپێی داتاکانی چەند وڵاتێکی جیاواز، لانیکەم 240 کەس کە زۆربەیان خەڵکی ئیندۆنیسیا بوون لە ماوەی حەجدا گیانییان لە دەستداوە، بەڵام ئاماژەیان بە هۆکاری مردنەکان نەداوە.
سعودیە هیچ ئامارێکی لەسەر گیان لە دەستدانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا