Accessibility links

عەرەبستانی سعودیـیە کچێکی چالاکوان ئازاد دەکات


کاربەدەستانی عەرەبستانی سعودیـیە کچێکی چالاکوانیان ئازادکرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ و نیو دەستگیرکرابوو بە تۆمەتی هاندان بۆ گۆڕانی ڕژێمی وڵاتەکە.

لوجەین ئەلهذلولی تەمەن 31 ساڵ ئەمڕۆ چوارشەممە پاش 1001 ڕۆژ لە ژوری زیندان گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی. هەردوو خوشکی لوجەین کە لە بروکسێلی پایتەختی بەلجیکا دەژین لە تویتەرەکانیانەوە هەواڵی ئازادکردنی خوشکەکەیان ڕاگەیاند.

ئەم کچە چالاکوانە کە داکۆکی لە مافی ژنان دەکات، لە مانگی پـێنجی ساڵی 2018 لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی دیکە دەستگیرکرا، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی لێکەوتەوە.

پـێشتر لە ساڵی 2014 دەستگیرکرابوو پاش ئەوەی لە ئیماراتەوە ئۆتۆمبیلی لێخوڕیبوو هەتا پـێی بگەڕێتەوە سعودیـیە، بەڵام لە دەروازەی سنووری وڵاتەکەی دەستگیرکرا، چونکە لەو سەردەمە قەدەغەبوو ژن ئۆتۆمبیل لێبوخڕێت، بەڵام پاش دوو مانگ ئازادکرا.

لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو دادگایەکی ڕیازی پایتەخت بڕیاری زیندانی 5 ساڵ و هەشت مانگی بۆ لوجەین دەرکرد بە تۆمەتی هاندان بۆ گۆڕینی ڕژێمی وڵاتەکە و هەروەها خزمەتکردنی لایەنی دەرەکی. لەگەڵ ئەوەشدا دادگاکە بڕیاری دا بۆ ماوەی 2 ساڵ و 10 مانگ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنەکەی ڕابگیرێت.

ئەم بڕیارەی سعودیـیە لە کاتێکدایە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی پـیاداچوونەوە بکات بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عەرەبستانی سعودیـیە.

ڕادیۆی نیشتمانی ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە بابەتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و هەردوو خوشکی لوجەین لەسەر تویتەرەکەیان ئاماژەیان پـێکرد.

XS
SM
MD
LG