Accessibility links

فەرەنسا 47 کەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە


نوێنەری فەرەنسا لە ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر
نوێنەری فەرەنسا لە ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە 15 ژن و 32 منداڵی لە کەمپێکی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە سوریا، گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی.دەستەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش پشتڕاستی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر 47 ئەندامی خێزانەکانی داعشی ڕادەستی شاندێکی فەڕەنسایی کردووە.

ئەمە دووهەم جارە فەرەنسا هاووڵاتیانی خۆی لە سوریا دەگەرێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی دەستی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕۆژی دووشەممە شاندێکی فەڕمی حکومەتی فەرەنسا بە سەرۆکایەتی ستیڤان ڕۆماتی گەیشتە قامشلۆ و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کۆبووەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڵگەنامەی فەڕمی ڕادەستکردنی ٣٢ منداڵ و 15 ژن لە کەسوکاری داعش واژۆ کرا.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ چەندین ساڵە فشار دەخەنە سەر فەرەنسا کە ژن و کە هاووڵاتیانی فەرەنسی کەسوکاری چەکدارانی داعش بگەڕێننەوە.

چاودێری سیاسی سەعد دەلی دەڵێت، فەرەنسا هەوڵدەدات هەموو ژن و منداڵەکانی خێزانەکانی داعش بگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا و چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە.

دەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەوەی بەدیمان کردووە ئەوەیە کە حکومەتی فەرەنسا هەوڵ دەدات بە ڕێژەیەکی باش یان بە خێرایی ژن و منداڵی و کەسوکارەکانی چەکدارانی داعش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەرێنێتەوە."

شاندی فەرەنسی سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کرد بۆ ئەم پرۆسەیە هاوبەشەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی فەرەنسی لە بنەماڵەکانی داعش، کە لە کەمپەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێن.

ئەو ژن و منداڵانەی ڕۆژی ڕۆژی سێشەممە گەڕێندراونەتەوە لە کەمپی ڕۆژی باکوری ڕۆژئاوای سوریا نیشتەجێبوون لە نزیک سنوری تورکیا و عێراق.

وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دانراون و دایکەکان دەبرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری. هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد بۆ هاوکارییەکانی.

پارێزەر ماری دۆز کە نوێنەرایەتی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە چەند کەمپێکدا لە سوریا ڕاگیراون، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە پێش گواستنەوەکەی ڕۆژی سێشەممە 150 ژن و منداڵی فەرەنسی لەو کەمپانەدا دەژیان.

پاییزی ساڵی ڕابردوو فەرەنسا گروپێکی 15 ژن و 40 منداڵی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەڕاندەوە و پێش ئەوەش 16 ژن و 35 منداڵ گەڕێندرانەوە.

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە کەنەدا 23 هاووڵاتی خۆی لە کەمپەکانی لەو کەمپانەی کە بەشیکی زۆری کەسوکاری چەکدارانی داعشی تیادا نیشتەجێن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریا گەڕاندەوە.

لە ساڵی 2022دا 515 ژن و منداڵی بنەماڵەکانی داعش گەڕێندرانەوە وڵاتەکانیان.

لەم بارەیەوە پەیامنێرمان زانا عومەر لە قامشلۆ ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردووە

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:46 0:00




XS
SM
MD
LG