بیست ساڵ بەسەر هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر تێپەڕی، ئەو هێرشانەی جیهانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی نوێ کرد، لەوانە هەڕەشەی تێرۆریستی.
کۆمەڵێک ئەندامی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە 11ی مانگی نۆی ساڵی 2001 چوار فڕۆکەی گەشتیاری پـڕ لە کەسی سیڤیلیان ڕفاند و هێرشەکانیان پێ ئەنجامدان کە بوونە هۆی گیان لە دەستدانی 2977 کەس و برینداربوونی بە هەزاران کەس کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیلی ئاسایی بوون.
هێرشەکان کوشندەترین و گەورەترین ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستی بوون لە مێژوودا بۆ سەر خاکی ئەمەریکا و ئەنجامی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی بۆ ئەو وڵاتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و دونیای لەگەڵ دوژمنێکی نوێ ڕووبەڕووکردەوە. بەپـێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان 19 ئەندامی عەرەبی قاعیدە بەشداریـیان لە هێرشەکاندا کردبوو (15 سعودی، 2 ئیماراتی، 1 میسڕی ، 1 لوبنانی).
ئەم هێرشانە کە ئەمەریکایان هەژاند، وەهایان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەو کاتەی ئەمەریکا کرد دەستبەجێ هەڵوێستێکی توندی هەبێت لە بەرامبەر نەخشەداڕێژەرانی هێرشەکان کە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە بنکە لە ئەفغانستان بوون. بۆیە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان کرد کە لەو کاتەدا تاڵیبان بوون، بن لادن و ڕێبەرانی دیکەی قاعیدە ڕادەستبکەن و هەموو بنکە و بارەگا و شوێنی مەشق و ڕاهێنانی قاعیدە لە وڵاتەکەیان دابخەن، ئەگەر نا ئەوا ئەمەریکا خۆی ئەو کارە ئەنجام دەدات. تاڵیبان داواکانی ئەمەریکای ڕەتکردەوە و سەرئەنجام شەڕی ئەفغانستان هەڵگیرسا کە بووە سەرەتایـیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە دژی هەر گروپێـکی تێرۆریستی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دروستبکات.
ئەمەریکا لە دوای یازدەی سێپتەمبەر
زۆرێک لە ڕەخنەگران و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمەریکا پاش یازدەی سێپتەمبەر بوو بە ئەمەریکایەکی تەواو جیاواز لە جاران. دکتور ڕامین مەفاخری، مامۆستای زانکۆ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیا لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی دەڵێت " لە یازدەی سێپتەمبەرەوە کە خۆی دەستپێکی شەڕەکانی ئەمەریکاشە لە دژی تێرۆریزمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو کاتەوە تاکو ئەمڕۆ ساڵ بە ساڵ باڵانسی هێز لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووی لە گۆڕانە، واتە هەندێک زلهێزی نوێ و هێزی ناوچەیی خەریکن سەرهەڵدەدەن کە هژمونی و باڵادەستی ئەمەریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبەنە ژێرپرسیار و بە تایبەتیش گەر لە یازدەی سێپتەمبەرەوە سەرنج بخەینە سەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین کە ئەمەریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناچار دەکرێت ناوچەکە چۆڵ بکات و بەجێیبهێڵێت و دوایین ڕووداویش کە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت کشانەوەی هێزەکانی بوو لە ئەفغانستان."
ئەمساڵ پێش ساڵیادی هێرشە تێرۆریستیەکانی یازدەی سێپتەمبەر، ئەمەریکا لە دوای بیست ساڵ کۆتایی بە شەڕی خۆی لە ئەفغانستان هێنا و هەموو هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە، کشانەوەیەک کە بەشێک لە سیاسی و شیکەرەوان کۆکبوون لەسەری و بە دروستیان زانی، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆی ئەمەریکاش بوو بە جێگای ڕەخنەی زۆرێک. بە پێی ڕاپرسییەکان جەماوەرێتی سەرۆک بایدن دوای ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ڕەخنەگرانی ئەو بڕیارە پێیان وایە کشانەوەکە بووە هۆی خولقاندنی کارەساتێکی مرۆیی و بێباککردنی زۆرتری تێرۆریستان.
دکتور مەفاخری دەڵێت " گەر ئەمەریکا بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە کشانەوەی هیزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆشاییەک دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هێزە توندڕەوەکان لەو ناوچانەدا."
لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و بریتانیا لە ئەفغانستان، تاڵیبان وەک هێزێکی توندڕەوی ئیسلامی توانی دووبارە لەو وڵاتەدا دەسەڵات بگرێتەوە دەست.
چەند ساڵ پێش ڕوودانی هێرشە خۆکۆژییەکان بۆ سەر ئەمەریکا، سامۆئێل هانتینگتۆن، پسپۆڕی سیاسی و بیرەمەندەی ئەمەریکایی لە کتێبێکدا بە ناونیشانی 'پێکدادانی شارستانیەتەکان و دووبارە دروستکردنەوەی ڕیزبەندی جیهانی' کە لە ساڵی 1996 بڵاوی کردبووە، باسی سەرهەڵدانی پێکدادنێکی نوێی کردبوو لە جیهاندا. ململانێی نوێـیەکان لە ڕوانگەی هانتینگتۆنەوە، ململانێی سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکو ململانێیە لەسەر 'بەها کولتوورییەکان' و جیاوازی شارستانێتیـیەکان لەگەڵ یەکتردا بە تایبەت لە ئایندا.
بۆچوونەکانی هانتینگتۆن لەم ڕۆژانەدا کە تاڵیبان وەک هێزێکی توندڕەو دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، زیاتر بووەتەوە جێگای سەرنج و زۆرێک پێیان وایە کە دونیا لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتر دەبێتە جێگای شەڕ و توندوتیژی گرووپە توندڕەوە ئاینیەکان.
دکتور مەفاخری لە وەڵامی ئەگەری زیادبوونی توندوتیژییەکان بە هۆی جیاوازی ئایینیەوە دەڵێت "بە هاتنەسەرکاری دووبارەی تاڵیبان، دەسەڵاتی هێزە توندڕەوەکان زیاتر بووە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی زیاتری ئایدۆلۆژیا و بیری توندڕەی چ لە باڵی سوننە و چ لە باڵی شیعەدا کە ئێران نوێنەرایەتی دەکات و ئەمەش وادەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ببێتە شوێنی نائارامی و کێشە بۆ ڕۆژئاواش."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاندوە کە لەوانەیە ئەلقاعیدە، ئەفغانستانی چۆڵکراو بەکاربێنێت بۆ زیندووکردنەوەی خۆی و گوتیشی گەر شتێکی لەو چەشنە ڕووبدات ئەوا ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ئەوە.
یەکێک لە پـرسیارەکان کە لە ساڵیادی یازدەی سێپتەمبەردا لەوانەیە پـرسیاری زۆرینەی خەڵک بێت ئەوەیە کە ئەمەریکا تا چەند سەرکەوتوو بووە لە بنبڕکردنی تێرۆر و لەناوبردن و بێهیزکردنی هێزە توندڕەوەکاندا؟
سەردار عەبدوڵا، نووسەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " هاتنی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە لە سەرەتاوە بە پرۆژە بوو کە پرۆژەکەشی تەنها لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی تێرۆر نەبوو، بەڵکو دژایەتیکردنی تێرۆر تەنیا بەشێک لە پرۆژەکەی ئەمەریکا بوو." دەشڵێت " ستراتیژی ئەمەریکا ئەودەم بیناکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی گەورەی ئازاد و دیموکرات بوو بەتاڵ لە دیکتاتۆرییەت و لە چەکی ناوکی و لە تێرۆر و ئەمەش سێ کوچکە بنەڕەتییەکەی باوەڕی بوش بوون، بەڵام نەیارانی ئەمەریکا و دیموکراسی دەستیان دایە یەک تاکو ئەو پرۆژەیە تێکبشکێنن، هەر بۆیەش ئەمەریکا لەوانەیە توانیبێتی تێرۆر لاواز بکات، بەڵام نەیتوانیوە بنبڕی بکات و بە ئاسانیش ناتوانێت بنبڕی بکات."
زۆرێک لە چاودێران دەڵێن ستراتیژییەکانی حکومەتی ئەمەریکا لەدوای یازدەی سێپتەمبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە تێرۆر و توندڕەوی بنبڕ بکات و دەوترێت زۆر جار هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتایهێنان بە شەڕەکان لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی کەڵەکە بوونی هەڕەشەکان و سەرهەڵدانی زیاتری هێزە توندڕەوەکان.
سەردار عەبدوڵا دەڵێت " شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە و ئەم گۆڕانەش لە باوەڕەکانی بوشدا هەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئۆباما، ئەمەریکا پاشەکشەی کرد لەو باوەڕەی کە بە گۆڕانکاری هەیبوو لەو ناوچەکەدا." دەشڵێت "یەکێک لە کێشەکانی ئەمەریکا ئەوەیە کە بە گۆڕینی سەرۆک لە وڵاتەکەدا، ستراتیژییەکانیان دەگۆڕێت و ئەرکەکەیان زۆرجار تەواو ناکرێت و بە ناتەواوی ناوچەکە بەجێدەهێڵن."
سەردار عەبدوڵا پێیوایە کە بە کشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی ئۆبامادا، ناوچەکە بوو بە شوێنی هێزەکانی دیکە، لەوانە ڕووسیا و چین وەک ڕکابەری ئەمەریکا و ئەمەش دەسەڵاتی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا لاوازکردووە و دەشڵێت گەر ئەمەریکا بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە سیاسەتکردنی، ئەوا خۆشی تووشی کێشە دەبێت و دەبێت بزانێت کە ئەو قەیرانانەی کە بەجیاندەهێڵێت، بە ئاسانی لە کۆڵی نابنەوە و ئەمە جاران نییە کە دەگوترا ئوقیانووسەکان ئەمەریکا دەپارێزن و لە دوای یازدەی سێپتەمبەرەوە دەرکەوت کە ئەوە درۆیەکی گەورەیە و کەس پارێزراو نیـیە.
لە ساڵی 2011دا بن لادن کە لە پاکستان خۆی حەشاردابوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا کوژرا و سەرۆک ئۆباما پلانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕاگەیاند و لە ساڵی 2014دا ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ 34 هەزار دابەزین و هەمان ساڵیش ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا لە هەڵبژاردەنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا ڕازی بوون کە بەشدار بن لە دەسەڵاتدا بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان و دواتریش هێزەکانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە فەرمی کۆنترۆڵی ئاسایشی وڵاتەکەیان ڕادەستی هێزەکانی ئەفغانستان کرد. سەرۆک ئۆباما ئەو کات بە ئاماژەدان بەو خەرجییە زۆرانەی کە شەڕی ئەفغانستان و عێراق خستویەتیە ئەستۆی ئەمەریکا، باوەڕی وابوو کە ئاسایش و ئەمنییەت تەنیا لە ڕێگای شەرەوە دەستەبەر ناکرێت، بەڵکو لە رێگای ئاشتییەوە، ئاسایشی وڵاتەکانیش زۆرتر دەبێت.
سەردار عەبدوڵا دەڵێت "ئەمەریکا ئەرکێکی ئەخلاقی و جیهانی لەسەرە سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوایەتی خۆشی، ئەرکەکەشی لە دەرەوەی ئەمەریکایە و ئەگەر لەو ئەرکانە شان خاڵی بکات، ئەوا هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و هەم لە ئاستی نێوخۆیشدا تووشی کێشە دەبێتەوە."
لە دوای ئەوەی زۆربەی سەربازانی ئەمەریکا بە فەرمانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری پێشوو لە عێراق کشانەوە، چەندین گرووپ و کەسایەتی سەر بە ئێران لە عێراق لەوانە کەتائیبی ئیمام عەلی و هەروەها موقتەدا سەدری پێشوازییان لە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا کرد و بۆیە زۆر کەس نیگەرانن لەوەی لە ئیستاشدا هەمان ئەزموون لە عێراق دووبارە ببێتەوە و ئەمەریکا هێزەکانی بە تەواوی بکشێنێتەوە و وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی هێزە توندڕەوەکان، بەڵام سەردار عەبدوڵا لەم ڕووەوە رای جیاوازی هەیە و دەڵێت "عێراق ناکەوێتە ژێر دەستی هێزە توندڕەوەکان، چونکە دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بەشی ئەوە هێزیان هەیە کە ڕێگری بکەن لەوەی عێراق بکەوێتە دەستی هێزی توندڕەو."
سەردار عەبدوڵا دەڵێت " کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تێکەڵکردنی کارتەکانە لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ئاستی ناوچەیشدا و دووهەم جۆرێکە لە هەڵچوون و داچوون بەرەو داڕەشتنەوەی سیستەمێکی تازەی جیهان و سێهەمیش ئەمەریکا لە ئەفغانستان هۆیەکانی کشانەوەی زۆر بوون، جیاواز لە عێراق و سوریا کە هۆیەکانی مانەوەی لەو ناوچانەدا زۆرن." ئەو دەشڵێت "ئەمەریکا ناتوانێت ئەم ناوچانە بەجێبهڵێت، هیچ نەبێت لەبەر ئیسرائیل و کونترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و لەبەر ئەو ململانێیەی لەگەڵ ئێراندا هەیانە."
هەرچەندە زۆر کەس لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان نەبوون و تەنانەت هەندێک لە کۆمارییەکان بە دروستیان نەزانی، بەڵام سەرۆک بایدن چەند ڕۆژ دوای کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان بەرگری لەو کارە کرد و گوتی " کاتێک من ڕۆێشتمە کۆشکی سپییەوە، تاڵیبان لە باشترین پێگەی سەربازی خۆیدا بوو و هەروەها نیوەی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردبوو، کەواتە یان دەبو لەو وڵاتە بێینە دەرەوە یان ناکۆکییەکان زۆرتر دەبوون." هەروەها گوتیشی "بەڕیوبەرایەتی پێشووی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیبان ڕێککەوتنی ئەوەیان کردبوو کە هێزەکانی ئێمە تا سەرەتای مانگی پێنج لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە."
دەوترێت گەندەڵی بەرپرسانی ئەفغانستان و لاوازبوونی سیاسەتی ئەشرەف غەنی لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و ناڕەزایەتی بەرفراوان لە وڵاتەکەدا و دەستێوەردانەکانی پاکستان بەشێک لەو فاکتەرانەن کە ڕێگربوون لە بەردەم هەوڵەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.
سەرۆک بایدن ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند و گوتی "ئێمە ئەو دەرفەتەمان دایە بەرپرسانی ئەفغانستان کە چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست، بەڵام نەماندەتوانی ویستی ئەوەیان تێدا دروست بکەین کە بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان شەڕ بکەن".
سەرۆک بایدن ئەوەشی دووپاتکردەوە و گوتی "بەرژەوەندییە نیشتمانیـیەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەردەوام ئەوە بووە کە هەوڵی ئەوە بدەین ڕێگە لە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر خاکی ئەمەریکا بگرین و واشنتن بەردەوام ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ هەر جۆرە هەڕەشەیەک."