Accessibility links

گرژییەکان لە باکووری کۆسۆڤۆ زیاد دەبن و سڕبیاش سوپا دەخاتە ئامادەباشییەوە


سڕبییەکانی شاری دابەشبووی میترۆڤیکای باکووری کۆسۆڤۆ ڕۆژی سێشەممە بەربەستی نوێیان لەسەر ڕێگاکان دانا، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سڕبیا وتی سوپاکەی خستۆتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە. چەند هەفتەیەکیشە گرژییەکانی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ لە پەرەسەندندایە.

وەزارەتی بەرگری سڕبیا لە بەیاننامەیەکدا لە وەڵامی دوایین ڕووداوەکانی باکووری کۆسۆڤۆدا وتی باوەڕی وایە کۆسۆڤۆ ئامادەکاری بکات بۆ هێرشکردنە سەر سڕبییەکان و بە بەکارهێنانی هێز بەربەستەکان لاببات، سەرۆکی سڕبیا ئەلیکساندەر ڤوچیک فەرمانی بە سوپا و پۆلیسی وڵاتەکە کردووە لە ئامادەباشیدا بن.

وەزیری بەرگری سڕبیا میلۆس ڤوچیڤیک بە کەناڵی ئاڕ تی ئێسی وت " هیچ هۆکارێک نیە بۆ ترسان، بەڵام هۆکارێک هەیە بۆ نیگەرانبوون."

لە 10 ی مانگی دوانزەوە سڕبییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ چەند بەربەستێکیان لە سەر ڕێگاکانی ناو میترۆڤیکا و دەرەوەی شارەکەدا داناوە، هەروەها پێکدادانیش لەگەڵ پۆلیسی کۆسۆڤۆدا ڕوویداوە، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی پێشووی سڕبی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ئەو پۆلیسانەی دیکە کە ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکانی پێشووتر بوونەتەوە.

نزیکەی 50,000 سڕبی لە بەشی باکووری کۆسۆڤۆ دەژین کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئەلبانین، ڕەتیشی دەکەنەوە دان بە حکومەتی کۆسۆڤۆ یاخود دەوڵەتی کۆسۆڤۆدا بنێن. دەڵێن بێلگراد پایتەختمانە و لەلایەن سڕبیاوە پشتیوانیمان لێدەکرێت، کە لە ساڵی 2008 دا کۆسۆڤۆ لێی جیابۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

حکومەتی کۆسۆڤۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " کۆسۆڤۆ ناتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ چەتە تاوانبارەکاندا بکات و دەبێت ئازادی هاتوچۆ بگەڕێندرێتەوە. دەبێت هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگاکان نەبن."

بەیانی ڕۆژی سێشەممە بارهەڵگرەکان لەسەر ڕێگای نێوان بەشی سڕبییەکانی شارەکە و بەشی ئەلبانییەکاندا وەستان و ڕێگاکەیان گرت.

سڕبییەکانی ناو کۆسۆڤۆ داوای ئازادکردنی ئەفسەرەکە دەکەن و داوای دیکەشییان هەیە پێش ئەوەی بەربەستەکان لاببەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG