Accessibility links

ساڵح موسلیم:هێزه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نها له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌شوێنه‌كانی تر له‌شوێنی خۆیان ماون


ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەده‌
ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەده‌

ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ڤده‌م له‌م وتووێژییه‌ تایبه‌ته‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات له‌ باكوری سوریا، هه‌روه‌ها باس له‌چه‌ند پرسێكی تری گرنگ ده‌كات.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

". ..كه‌چی ئه‌مریكا هات گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكرد كه‌ ئه‌مه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ جێی قبوڵ نیه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ساڵح موسلیم ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ باكوری سوریا ده‌ڵێت" خۆی توركیا ئه‌زمونی پێشتری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو هێرشی كرده‌ سه‌ر عه‌فرین ئه‌وه‌ی توركیا له‌ عه‌فرین كردی له‌ كوشتن و له‌ سێداره‌دان و "چه‌ته‌یی " ده‌ركردن و دزیكردن هیچ شتێكی " پیستر " نه‌ماوه‌ كه‌ توركیا له‌ "ئه‌رزی واقیعدا " به‌كردار كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریكا هات گڵۆپی سه‌وزی بۆ هێرشی توركیا هه‌ڵكرد كه‌ ئه‌مه‌ به‌لای كورده‌كانی "ڕۆژئاواوه‌ " جێی قبوڵ نیه‌، بابه‌ته‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ ڕێ و گه‌ڕانه‌وه‌مان نیه‌ به‌ڵام توركیش ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ كورد له‌ماڵ و شوێنی خۆی ده‌ربكات و خه‌ڵكی تر بهێنێته‌ جێگای، به‌ڵام كورد ڕاناكات و له‌وڵاتی خۆی ده‌رناچێت و له‌ به‌رخۆدانی خۆی به‌رده‌وامه‌ هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی دوژمن بشكێنن، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو كوردێك كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن دیاره‌ من به‌وانه‌ ناڵێم له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ماهه‌نگ و هاوسۆزن."

" تا ئێستاش مه‌ترسی داعش ماوه‌ به‌ڵام هێشتا پاش بڕیاری كشانه‌وه‌كه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌رگری ده‌كه‌ین"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا لای ئێوه‌ وه‌ك كورده‌كانی سوریا به‌دیلی ئه‌مریكا كێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریتان بكات؟

ساڵح موسلیم وتی " به‌ڵێ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مووان ده‌یزانن له‌هه‌موو دنیاشدا دیاره‌ ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژی داعش ماوه‌ی چوارساڵه‌ لێره‌یه‌ و هاوكاریمان ده‌كات و توانیشمان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری كورد به‌تایبه‌تی له‌ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌نێویاندا نایانه‌وێت زوو به‌زوو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توند و تۆڵه‌ی نێوانیان نه‌مێنێت و هاوكارییه‌كان ببڕن، به‌ڵكو به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان ده‌وێت، ڕاسته‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنور كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ له‌ " حه‌سه‌كه‌ و دێرزور و ڕه‌ققه). به‌رامبه‌ر شانه‌ نوستووه‌كانی داعش تا ئێستا پێكه‌وه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و بڕیاره‌ توركیا ده‌ستكراوه‌ نه‌كات له‌شه‌ڕ و ڕێگری لێبكه‌ن له‌ هێرش كردن چونكه‌ هیچ لایه‌ك نایه‌وێت شه‌ڕ بكات."

"هێزه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نها له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌شوێنه‌كانی تر له‌شوێنی خۆیانن"

هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی په‌یه‌ده‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌كوێ كشاونه‌ته‌وه‌؟ ساڵح موسلیم وتی" ئه‌وه‌ی كه‌باس ده‌كرێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر سنوره‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك خاڵی پاراستن به‌كارییان ده‌هێنان و ته‌نها پێیان وتین ڕێنمایی هاتووه‌ و ده‌كشێینه‌وه‌ به‌ڵام له‌ شوێنه‌كانی تر له‌شوێنی خۆیانن وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ "حه‌سه‌كه‌، نزیكی كۆبانی، هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌ققه‌) له‌ شوێنی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕوینه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و شوێنانه‌ كشابێتنه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ئه‌ركی خۆیان به‌رده‌وامن."

ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین كه‌ چ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئه‌مریكا و توركه‌كاندا ڕویانداوه‌؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ر سنور چاودێرییان ده‌كرد ئه‌وانه‌ چۆڵكرابوون پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌ واته‌ به‌ توركه‌كانیان وتووه‌" فه‌رموون ئێوه‌ ده‌توانن بێن"، جا ئیتر توركیا هه‌تا كوێ دێت؟ ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نازانین، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌وێن هه‌ركات توركیا بیه‌وێت هێرش بكات هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رپه‌رچیان ده‌داته‌وه‌."

" هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌موو حساباتێكی خۆیان كردووه‌ تا بتوانن به‌گری بكه‌ن "

به‌ڵام ئایا ئێوه‌ ده‌توانن به‌رپه‌رچی هێرشی توركیا بده‌نه‌وه‌؟

ساڵح موسلیم وتی" ئێمه‌ بتوانین یاخود نه‌توانین ئه‌وه‌ كاری سه‌ربازییه‌، ناتوانم قسه‌ی زیاتر له‌وباره‌وه‌ بكه‌م ، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌موو حساباتێكی خۆی كردووه‌، ئاماده‌كاری خۆی كردووه‌ هه‌تا بتوانن به‌رگری بكه‌ن و گه‌ل بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌ندامی ناتۆ كه‌ خاوه‌نی چه‌كی به‌هێز و جبه‌خانه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌، به‌ڵكو ناتۆ پێی بڵێت كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ناتۆ به‌كارمه‌هێنه‌ یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرش كردنت نیه‌، یا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر و هه‌مووشیه‌وه‌ هیچ شتێك ئێمه‌ له‌به‌رگری كردن ناوه‌ستێنێت."

"ئه‌مریكا به‌رگری بكات یاخود نا ئێمه‌ هه‌ربه‌رده‌وامین له‌به‌رگریكردن "

من بیرمه‌ ساڵی ڕابردوو چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ تۆ و به‌رپرسانی تری كوردی سوریا ئه‌نجامدا، له‌سه‌روبه‌ندی هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین، ڕووسیا-تان به‌ خیانه‌تكار له‌كورد ناوبرد، ئه‌ی ئێستا ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مریكا و ئه‌مریكا چۆن ده‌بینن؟

ساڵح موسلیم له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" ڕاسته‌ ئه‌وه‌ كاتێك بوو كه‌ ڕوسیا شاره‌كه‌ی چۆڵكرد، به‌ڵام ئێمه‌ش له‌و باوه‌ڕه‌دا بوین كه‌ ده‌مانپارێزن و كه‌س ناتوانێت شتی وابكات، به‌ڵام دواتر وا ده‌رنه‌چوو به‌ڵكو چوون دانوستانیان له‌گه‌ڵ توركه‌كان كرد و بوونه‌ هاوكارییان له‌ داگیركردنی عه‌فرین، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌عه‌فرین ڕویدا شتێك بوو كه‌ به‌ڕێككه‌وتن و گه‌له‌كۆمه‌كێ كرا، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كرد و ڕوسیا-ش پاڵیدایه‌ لایه‌ك و ئه‌و داگیركارییه‌ ڕویدا به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ ئێستا نین، ئه‌مریكا به‌رگری بكات یاخود نا ئێمه‌ هه‌ربه‌رده‌وامین له‌به‌رگریكردن، به‌ڵام ئه‌وكاره‌ی ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كردومانه‌ پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌دایه‌."

" ئێمه‌ داوا له‌كه‌س ناكه‌ین كه‌ هاوكاریمان بكه‌ن و چه‌كی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان "

ئایا له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌ی توركیا داوای هاوكاریتان له‌هیچ وڵاتێكی تر كردووه‌؟

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت" په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵی ئێمه‌ هه‌تا ئێستاش هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ ڕوسیا و ئینگلته‌را، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا-ش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ كه‌ دانیشتین بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری به‌ڵام ئێمه‌ داوا له‌كه‌س ناكه‌ین كه‌ هاوكاریمان بكه‌ن و چه‌كی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمه‌ خۆمانین و باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌یه‌ داوای هاوكاریمان له‌ ئه‌مریكا نه‌كردووه‌ و نایكه‌ین چونكه‌ ئه‌مریكا ئێمه‌ی دروستنه‌كردووه‌ به‌ڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردووه‌ له‌سه‌ر پشتی ئه‌مریكا دروست نه‌بوین،وه‌هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه وه‌ ئازادیشین له‌و په‌یوه‌ندییانه‌، ئێمه‌ نازانین و دیار نیه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ماوه‌كانی داهاتوو دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا-دا ده‌ست پێبكاته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و ناساندنی مافی دیموكراسی ئێمه‌ له‌ده‌ستوری نوێی سوریا بۆ ئه‌مه‌ش كه‌سێك بیه‌وێت ڕێگری بكات و ده‌ستمان ببه‌ستێت شتی له‌وجۆره‌ نیه‌."

باشه‌ له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا ئایا هیچ كۆبونه‌وه‌وه‌یه‌كتان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان كردووه‌؟

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت" كۆبونه‌وه‌ و دانیشتن دروست ده‌بن به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزی سوریا و دیموكراتی به‌ڵام وه‌ك هێڵی سیاسی په‌یه‌ده‌ هیچ دانوستان و ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان دروست نه‌بووه‌."

" جدی بێت یاخود نا ئێمه‌ مه‌جبورین به‌ جدی هێرشی توركا وه‌ربگرین"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێتان وایه‌ توركیا جدی بێت له‌هێرشكردن یا وه‌ك كارتی فشار یاخود بۆ مه‌به‌ستی خۆی واده‌ڵێت؟

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت" توركیا جدی بێت یا جدی نه‌بێت ئه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار بڕیار ده‌دات، چونكه‌ سه‌رۆك كۆمار ڕۆژانه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ ئاماده‌كاریش هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت یاخود نا ئێمه‌ به‌جدی وه‌ریده‌گرین، چونكه‌ به‌هه‌زاران له‌ جه‌ندرمه‌ی توركی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان له‌سه‌ر سنور كۆكردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ڕاست بێت یاخود نا ئێمه‌ مه‌جبورین به‌ جدی وه‌ربگرین."

موسلیم جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌كانی سوپای ئه‌مریكا و سوپای ئازادكرده‌وه‌ و وتی" بەڵێ پەیوەندی ئێمەو ئەمریکا ھەیەو بەیەکەوە کار ده‌کەین ھەتا ئێستە ئەمریکیەکان نەڕۆشتوون و ھێشتا لێرەن پەیوەندی ھێزی سوریای دیموکرات زیاترە لەگەڵیان و ڕۆژانە بەیەکەوە کار ئەکەن چالاکی بەیەکەوە ئەنجامدەدەن بەتایبەتی دژی داعش لە لای دێرەزور لای ڕەقە شتێکیش که‌ بووه‌ ھەندێکیان لە بنکەکانی چاودێری لە سەر سنورەکا کشاندوەتەوە لەوە زیاتر ھیچی تر نیە."

" با "به‌ڕێز" ترامپ به‌راورده‌كان ببینێت ئنجا باسی چه‌ك و پاره‌بكات "

ساڵح موسلیم سه‌باره‌ت به‌ "تویتێ-ی" سه‌ۆك ترامپ كه‌ كورده‌كان له‌به‌رامبه‌ر چه‌ك و پاره‌ شه‌ڕییان كردووه‌ وتی" راستە ئەمڕۆ دوژمنێکی ھاوبەش ھەبێت بێگومان پێویستە ھاوکاریش ھەبێت و چەکیش بدەن بەڵام "بەڕێز ترامپ" باسی یازدە ھەزار "شەھیدی ئێمەی" نەکردووە "بەڕێز ترامپ" ده‌یتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریکی لێرە "شەھیدبون"؟ ئەوەی شەڕی ئەکرد ئێمە بوین ئەوەی لەپێشەوە بوو ئێمە بوین ئەوەی چالاکی ئەنجامدەدا ئێمە بوین لەو پێناوەشدا یانزە ھەزار "شەھید-مان" داوە بەڵام سوپای ئەمریکا سەلامەتبوون ھیچ زیانێکیان بەر نەکەوت بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەته‌كه‌ بکەین ئەو شەڕەی لەسوریا ھەبوو شەڕێکی زۆر گەورە بوو ئەمە لەلایەک لەلایەکیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریکی تیاچوون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچوون؟ لەو شەڕانە-شی لەگەڵ ئێمە کردی چەند سەربازی تیاچون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئنجا باسی چەک و پارە بکه‌ن."

" په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی جێی سوپاسه‌ و چاوه‌ڕوانی زیاترمان لێی هه‌یه‌ "

له‌دواین به‌شی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا، ساڵح موسلیم له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی له‌سه‌ر كوردانی سوریا، ساڵح موسلیم به‌هه‌ڵوێستی باش وه‌سفی كرد و وتی" بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێکی باش ئەزانین جێی سوپاسە پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کەبەو شێوەیە بێت ئومێدی ئێمە لەسەر "کاک مەسعود" زیاترە لەوەی کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەمولایەنەکان باش بکات و لەگەڵ ئێمە-شدا پەیوەندی باشی ھەبێت، به‌بڕوای ئێمه‌ یەکێتی کوردان له‌ ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک ته‌نها بۆ "ڕۆژئاوا" بەتەنھا بۆ تەواوی کوردستان بە گشتی لەبەر ئەوەی ئەو مەترسیەی کەھەیە بۆ تەواوی کوردانە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:34 0:00


XS
SM
MD
LG