بەپێی نوسراوێک کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، شەش وڵاتی یەکێتی ئەوروپا داوایان لە یەکێتییەکە کردووە بۆ ماوەیەکی کاتی سزاکانی سەر سوریا لە بوارەکانی گواستنەوە و وزە و بانکدا لاببەن.
بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە 27 ی مانگی یەکدا کۆببنەوە و تاوتوێی سزاکانی سەر سوریا بکەن.
سەرکردەکانی ئەوروپا دەستییان کردووە بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتەکەیان بەرامبەر دیمەشق، ئەمەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن یاخیبووەکانەوە کە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام سەرکردایەتی کردن. گروپەکە لەلایەن ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.
نوسراوەکە کە لەلایەن ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و ئیسپانیا و فینلەندا و دانیمارکەوە واژۆ کراوە، دەڵێت " یەکێتی ئەوروپا دەبێت دەستبەجێ دەستبکات بە هەموارکردنەوەی سیستمی سزاکانمان."
نوسراوەکە ئاماژەش بەوە دەدات ئەگەر پێشبینییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان نەیەنەدی، ئەوا سزاکان لانابرێن و میکانیزمێک جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەو سزایانەی کە لابراون.
ئەمەریکاش ڕۆژی دووشەممە سزاکانی سەر حەواڵەکردنی لەگەڵ دامەزراوە فەرمانڕەواییەکانی سوریادا بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگرت، لە هەوڵێکدا بۆ ئاسانکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوریا و ڕێگەدان بە هەندێک لە حەواڵەکانی وزە.
شەش وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا وتییان یەکێتی ئەوروپا دەبێت سزاکان لاببات بۆ کارئاسانیکردن بۆ گەشتی ئاسمانی هاووڵاتیانی سڤیل و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سزاکان بۆ سەر شتومەکە بەنرخەکان و لابردنی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی سوتەمەنی و گاز و تەکنەلۆجیا بۆ سوریا، هەروەها دووبارە کردنەوەی کەناڵە داراییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و سوریا.
وتیشیان سزاکان دژی ئەندامانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەسەد و پشتیوانیکارانی ڕژێمەکەی ئەسەد دەبێت بمێننەوە.
نوسراوەکە دەڵێت لابردنی سزاکانی سەر گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەبێت لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ بکرێت و بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هاوبەشە نزیکەکاندا، وتیشی " ئەوە پەیوەست دەبێت بە هەڵسەنگاندنی هاوبەشمان بۆ هەیئەت تەحریر ئەلشام و سەرکردەکەی ئەلشەرع و پێشهاتەکانی دۆخەکەی ناو سوریاوە."
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی یەکشەممە لە ڕیاز چاوی بە وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد حەسەن ئەلشیبانی کەوت، کە لەوێ دیبلۆماتکارانی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا کۆبوونەوە بە مەبەستی تاوتوێی دۆخی سوریا.
کالاس وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردایەتییە نوێیەکەی سوریا ئەو هیوایە ببەخشن کە دروستییان کردووە، لە ڕێی گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و گشتگیری دەسەڵات بە شێوەیەک کە سەرجەم کەمینەکان بپارێزێت."
وتیشی " دواتر لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا تاوتوێی لابردنی سزاکان دەکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز