ڕۆژی سێشەممە و بەرواری ١١ی کانوونی یەکەم، هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری کوردستانی ئێران، بە مەبەستی کارئاسانی هاتووچۆی نێوان خاڵە سنوورییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕێککەوتننامەیەکیان لە شاری سلێمانی واژۆکرد.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دەنگی ئەمەریکا تێیدا ئامادەبوو ڕایگەیاند لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا زیاتر بکرێت و بڕیارە هەماهەنگی زیاتر لەو بارەیەوە هەبێت.
پارێزگاری کوردستانی ئێران، بەهمەن مورادنیا وتی کە دڵنیاییان داوەتەوە شاندی پارێزگای سلێمانی کە هەموو کارئاسانییەک ئەکەن بۆ ئەوەی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان بتوانن لە ئێراندا سەرمایەگوزاری بکەن.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی کە ئەم ڕێککەوتنەی واژۆ کراوە بەتەنها سەبارەت بە بازرگانی نییە و بەڵکو زۆر سێکتەری تر دەگرێتەوە وەکو کشتوکاڵ و پیشەسازی و وەرزش و ئەکادیمیا و پەیوەندی نێوان زانکۆکان.