بەرپرسان و شایەتحاڵان دەڵێن دەیان خۆپیشاندەری سوری کە توڕەن لە خراپتربوونی ڕەوشی ئابووری لە سوریا هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی فەرمانڕەوای شاری سوەیدای باشووری سوریا و بەشێکی بیناکەیان سووتاندووە، ئەمەش لە نێوەندی شەڕە تەقەیەکی زۆردا.
بەرپرسانی سوریا و شایەتحاڵان دەڵێن لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 200 کەس لە دەوروبەری بیناکەی فەرمانڕەوا لە ناوەڕاستی شارەکەدا کۆببوونەوە، دروشمییان دەوتەوە و داوای لابردنی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددییان دەکرد، لە نێوەندی قورسایی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکاندا.
دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا گوتی دەیان " لە یاسا دەرچووەکان " هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی فەرمانڕەوا و فایل و بەڵگەنامە فەڕمییەکانیان سوتاندووە.
سێ شایەتحاڵ بە ڕۆیتەرزییان وت پێش ئەوەی خۆپیشاندەران بچنە ناو ئۆفیسەکانی بیناکەوە فەرمانڕەوای شارەکە گواستراوەتەوە و لە بیناکەدا نەماوە.
ڕەیان مەعروفی چالاکەوانی مەدەنی و کارمەندی سوەیدا 24 کە ماڵپەڕێکی ناوخۆییە و ڕووماڵی ڕووداوەکانی هەرێمەکەی باشووری سوریا دەکات، وتی " ئۆفیسی فەرمانڕەوا لە ناوەوە بە تەواوەتی سوتێندراوە." وتیشی لە تەقەکردنەکەدا کۆمەڵێک کەس بریندار بوون.
مەعروف بە ڕۆیتەرزی گوت " شەڕە تەقەیەکی زۆر هەبوو." گوتیشی ڕوون نیە تەقەکە لە کوێوە هاتووە لە کاتێکدا ناوچەکە پڕ بووە لە پۆلیس.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شارەکەوە وتی هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە و گیانی لە دەستداوە. کەسێکی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەیە و فیشەکی بەرکەوتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز