Accessibility links

پەرلەمانی کەتەلۆنیا سەرۆکێکی نوێی سەربەخۆیی‌خواز بۆخۆی هەڵدەبژێرێت


پەرلەمانی کەتەلۆنیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا سەرۆکێکی نوێی بۆ پەرلەمانەکەیان هەڵبژارد کە ئەویش لایەنگری سەربەخۆیی‌یە.

پەرلەمان ئەمڕۆ لە بەرشلۆنەی پایتەختی هەرێمەکە، ڕۆجەر تۆنرێنت ئەندامی پارتی چەپـڕەوی کۆماری وەک 15 هەمین سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا هەڵبژارد تاوەکو شوێنی خانم کارمی فۆرکادیل بگرێتەوە کە ئەویش لایەنگری سەربەخۆیی بوو و لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی یاخیبوون و پابەند نەبوون بە دەستور، بەڵام دواتر بە کەفالەتی 150 هەزار یورۆ ئازادکرا.

چاوەڕوان‌دەکرێت کارلیس بیگدیمۆنت سەرۆکی لەکارلادراوی هەرێمەکە کە لە ئێستادا لە بەلجیکایە، ئەویش جارێکی دیکە بە سەرۆکی هەرێمەکە هەڵببژێردرێتەوە، ئەمەش پاش ئەو ڕێکەوتنەی شەوی سێشەممە کرا لە نێوان هەردوو پارتی سەربەخۆیی‌خواز، چەپەڕەوی کۆماری کەتەلۆنیا و پارتی پـێکەوە لە پـێناو کەتەلۆنیا. کارلیس بیگدیمۆنت ئەندامی پارتی پـێکەوە لە پـێناو کەتەلۆنیایە.

جێی ئاماژەیە لە هەڵبژاردنەکانی 21 ی مانگی دوازدەی ساڵی2017 ی کەتەلۆنیا، پارتەکانی لایەنگری سەربەخۆیی لە کۆی 135 کورسی پەرلەمان 70 کورسیان بردەوە.

XS
SM
MD
LG