Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 780 کەس لە گەمارۆیەکی نیمچە سەربازیدا لە دارفوری باکووری سودان کوژراون


لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت لە گەمارۆیەکی نیمچە سەربازی چەند مانگیدا لە دارفوری باکووری سودان لانیکەم 782 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 1,100 کەسی دیکە بریندار بوون.

لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە سودان ڕووبەڕووی جەنگێکی دڕندانە بووەتەوە لە نێوان سوپای وڵاتەکە بە سەرکردایەتی عەبدل فەتاح ئەلبورهان و جێگرەکەی پێشووی محەمەد حەمدان داگلۆی سەرکردەی هێزە نیمچە سەربازییەکانی کاردانەوەی خێرا.

ئیل فاشیری پایتەختی دارفوری باکوور و ماڵی دوو ملیۆن کەس، ڕووبەڕووی سەختترین شەڕی جەنگەکە بووەتەوە لە کاتێکدا کە سوپای سودان شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی نیمچە سەربازیی کاردانەوەی خێرادا دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەرێمی دارفوری ڕۆژئاوای سودان.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەردەوامیی گەمارۆدانی ئیل فاشیر و شەڕە بێباکەکە ژیانی ڕۆژانەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوبردووە."

ڕاپۆرتەکەی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چاوپێککەوتنەوە لەگەڵ 52 کەسدا سەرچاوەی گرتووە کە لە ئیل فاشیر هەڵاتوون، وتی هێزەکانی پشتیوانی نیمچە سەربازیی کاردانەوەی خێرا لە مانگی پێنجەوە بەردەوام بۆردومانی ناوچە قەرەباڵغەکانییان کردووە، هاوکات سوپا هێرشی ئاسمانی و بۆردومانکردنی ئەنجام داوە.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا شارەکە کەوتووەتە ژێر هێرشی چڕەوە.

سەرۆکی ڕێکراوی تەندروستی جیهان وتی هەینی ڕابردوو بۆردومانەکانی هێزەکانی پشتیوانی کاردانەوەی خێرا بۆ سەر نەخۆشخانەی سەرەکی شارەکە بووەتە هۆی کوژرانی نۆ کەس و برینداربوونی 20 کەسی دیکە.

ڕۆژی چوارشەممە هێرشی زیاتری ئەو هێزانە بۆ سەر نەخۆشخانەکە و بەشەکانی دیکەی شارەکە بوونە هۆی کوژرانی 10 هاووڵاتی سڤیل و برینداربوونی 20 کەسی دیکە، ئەمەش بەپێی چالاکەوانانی لایەنگری دیموکراسی.

ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو هێزانەدا لە ناوەڕاستی شارەکەدا لانیکەم 38 کەس کوژران.

چالاکەوانان دەڵێن پێشتر لەم مانگەدا هێزەکانی پشتیوانی کاردانەوەی خێرا بۆردومانی کامپی ئاوارەکانی زەمزەمییان کردووە کە دەکەوێتە باشووری ئیل فاشیرەوە و شەش کەس کوژراون و 13 کەسی دیکە برینداربوون.

ڤۆڵکەر تورک هۆشداریدا و وتی هەر هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر زەمزەم یاخود ئیل فاشیر " دەتوانێت ناڵەی هاووڵاتیانی سڤیل بگۆڕێت بۆ ئاستێکی کارەساتیی."

نزیکەی سەرانسەری دارفور ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پشتیوانی کاردانەوەی خێرادان، هاوکات سوپا کۆنتڕۆڵی چەند بەشێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دارفوری کردووە.

جەنگەکەی ناو سودان بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 11 ملیۆن کەس، هەروەها 26 ملیۆن کەسی خستووەتە بەردەم مەترسی مردن لە برسێتیدا.

سوپا و هێزەکانی پشتیوانی کاردانەوەی خێراش هەردووکیان تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوەندە تەندروستییەکان و هاووڵاتیانی سڤیل بەبێ هیچ جیاکارییەک، هەروەها هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دانیشتوان بە مەبەست.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG