Accessibility links

بەرپرسێکی سودان: هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان دەست دەگرن بەسەر مۆزەخانەی خەڕتومدا


جێگری بەڕێوبەری مۆزەخانەی خەڕتوم ئیخڵاس عەبدیللەتیف دەڵێت ئەندامانی هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان کە لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە دژی سوپای سودان شەڕ دەکەن ڕۆژی هەینی چوونەتە ناو مۆزەخانەکەوە.

وتیشی کارمەندانی مۆزەخانەکە دۆخی ناو مۆزەخانەکە نازانن چونکە کارەکانییان لەوێ ڕاگرتووە، ئەوەش دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە لە 15 ی مانگی چواردا کە بووە هۆی ئەوەی ئەو پۆلیسانەی کە پاسەوانی مۆزەخانەکەیان دەکرد واز لە کارەکانییان بهێنن.

هێزی نیمچە سەربازیی سودان گرتە ڤیدیۆیەکی ناو مۆزەخانەکەی بڵاوکردەوە و سەربازێکی پیشاندا کە ڕەتی دەکاتەوە هیچ زیانێکییان بە مۆزەخانەکە گەیاندبێت یاخود بە نیاز بن ئەو کارە بکەن، هەروەها بانگهێشتی هەر کەس و لایەنێکییان کردووە تاوەکو سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و بیپشکنن.

مۆزەخانەکە لە بینایەکی گەورەدایە و دەکەوێتە قەراغ ڕووباری نیلەوە لە ناوەڕاستی خەڕتوم، هەروەها دەکەوێتە نزیک بانکی ناوەندیشەوە کە سەختترین شەڕی تیادا ڕوویداوە.

مۆزەخانەکە هەزاران شوێنەواری کۆن و مۆمیای تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین، ئەمەش وایکردووە مۆزەخانەکە یەکێک بێت لە کۆنترین مۆزەخانە و لە ڕووی شوێنەوارزانیشەوە یەکێکە لە گرنگترین مۆزەخانەکان لە جیهاندا.


بەڕێوبەری پێشووی مۆزەخانەکە، حاتەم ئەلنور وتی مۆزەخانەکە پەیکەر و ئیشی گڵکاری و دیواری کۆنی تێدایە، لە سەردەمی بەردەوە شوێنەواری تێدایە تاوەکو سەردەمەکانی مەسیح و ئیسلام.

ڕۆکسان ترۆکسی ئەندام لە تیمێکی شوێنەوارزانی فەڕەنسی کە لە سودان کاری کردووە، وتی چاودێری وێنەی مانگە دەستکردەکانی مۆزەخانەکە دەکەن و پێشتر نیشانەیان بینیوە لەسەر ئەوەی زیان بە مۆزەخانەکە گەیشتووە و نیشانەی سوتانیشی پێوە دیارە.

وتی " نازانین بە دیاریکراوی چەندێک زیانی بەرکەوتووە."

سەرەڕای ئاگربەستەکان کە یەکێکییان سعودیە و ئەمەریکا نێوەندگرییان تێدا کردبوو، شەڕەکەی ناو سودان هێشتا بەردەوامە. دوایین ئاگربەستەکە بڕیار بوو لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەدا بەسەربچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG