لە 7 ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 ڕۆژئاوای ئەفغانستانی هەژاند و بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس، سێ مانگ دوای بومەلەرزەکە هێشتا ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە کۆشش دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژیانییان.
هەندێک لە خێزانەکان لە خێمەکاندا دەژین لە ناوچەی زیندا جان، زیندا جان ناوەندی بومەلەرزەکە بوو لە پارێزگای هیرات، لەوێ سەرجەم خانووەکان ڕووخان.
خەڵکەکە لە ڕێی یارمەتییەکان و باوەڕی ئیسلامەوە هەوڵ دەدەن بەرگەی سەرمای زستان بگرن، بەڵام دوودڵن لەوەی چییان بەسەردا دێت.
حەبیب ڕەحمانی تەمەن 43 ساڵ سەیری تەلەفیزیۆنی کردووە کاتێک بومەلەرزەکە ڕوویداوە. ترسناکی بومەلەزرەکە هێشتا لە مێشکیدا ماوەتەوە. ناتوانێت لە مێشکیدا دەریبکات.
ڕەحمان بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت هەرچەند وردەکاری بدات لەسەر ئەو ڕۆژە هێشتا کەمە.
سەرجەم خانووە قوڕەکان لە زیندا جان لە ماوەی چەند خولەکێکدا ڕووخان، هاوار و ترس لە سەرانسەری گوندەکاندا دروست بوو. خەڵکەکە بە دەستی خۆیان ڕزگاربووان و مردووەکانییان لە ژێر داروپەردبووەکاندا دەردەهێنا.
حەبیب ڕەحمان وتی " ئەگەر سەیری ئەم خاک و خۆڵە بکەین، شێت دەبین. لە ڕووی دەروونییەوە کاری لە منداڵان کردووە. هەندێک جار یارییان لەگەڵدا دەکەم بۆ ئەوەی دووریان بخەمەوە لە پەشۆکاویی و یارمەتییان بدەم بومەلەرزەکەیان بیر بچێتەوە. بەڵام لە بیرییان ناچێتەوە."
وتی با و زریانەکە بەردەوام خێمەکانی زیندا جان دەڕووخێنن، خێمەکان تەنها پەناگەی خەڵکەکەن لەو سەرما توندەدا. وتی " دڵت لەلامان بێت و پەناگەیەکمان بۆ بدۆزەرەوە. کەش و هەوا ساردە. زۆر ساردە."
وتی منداڵان هێشتا دەستییان ناگات بە مزگەوتەکان یاخود قوتابخانەکان. وتی نازانم داهاتوویان چۆن دەبێت. حەبیب دەیەوێت ژیان بگەڕێتەوە بۆ کاتی پێش بومەلەرزەکە، ئەو کاتەی گوندەکان ئامڕاز و سەرچاوەی خۆیان هەبوو.
پێش بومەلەرزەکە، مولا داد محەمەدی تەمەن 55 ساڵ خانوویەکی شەش ژووری هەبووە، ئێستا لەگەڵ منداڵ و خێزانەکەیدا لە ژێر مشەمادا دەژین. بەڵام سوپاسگوزارە بۆ یارمەتییە مرییەکان.
وتی " جووتیاری و کشتوکاڵەکەمان لە ناوچوو. موڵک و ژیانمان لە ناوچوو. ئەوەی پێیان داوین بۆ ماوەیەکی کاتییە، دوو فەردە برنج و دوو فەردە ئارد. ڕێگەمان بدەن جووتیارییەکەمان بکەین."
وەڵامی جیهان بۆ کارەساتەکە خاو بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان بە دوورگرتووە لەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی تاڵیباندا بکەن.
لە هەمان کاتیشدا جیهان سەنگی خستە سەر هێرشە کتوپڕەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی بومەلەرزەکە لە هیراتی ئەفغانستان بدات.
تاڵیبان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کەرتی تایبەتی وڵاتەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان بە پارە و خۆراک و پۆشاک و دەرمان و دووبارە بونیادنانەوە یارمەتی ئەو کۆمەڵگانەیاندا کە بومەلەرزەکە لێیدان.
بە یارمەتی بەخشینەکانی ئەفغانییەکانەوە لە دەرەوەی وڵات، بە هونەرمەند و گۆرانیبێژەکانیشەوە، گومبەتی شینی کاڵ کە لە شانە هەنگ دەچن لە زیندا جان دروستکران.
گومبەتەکان بەهێزترن لە زۆربەی ئەو خانووانەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستاندا دەبیندرێن و بە شێوەیەک دروست کراون بەرگەی بومەلەرزە بگرن.
بەڕێوبەری پڕۆژەکە شەکیب شەهابی دەزگای یارمەتی مرۆیی و گەشەپێدان بۆ ئەفغانستان، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی ناوخۆییە، وتی ئەمە یەکەمین جارە ئەم جۆرە خانووبەرەیە کە بە سوپەر ئەدۆب ناسراوە، لە وڵاتەکەدا ببیندرێت. وتیشی لە ماوەی 32 ڕۆژدا 37 خانوو دروست کراون.
وتی " ئێمە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەوە فێربووین و دەمانەوێت ئەزموونەکانمان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدا هاوبەش بکەین کە ئارەزوویان لێیەتی."
وتەبێژی فەرمانڕەوای هیرات، نیسار ئەحمەد ئیلیاس، وتی لە زیندا جان کار لەسەر 3000 خانوو کراوە. هەندێکییان لە سەدا 90 تەواو بوون و لە سەدا 20یان تەواو بوون. ڕزگاربووان هێشتا پێویستییان بە یارمەتییە، ئەوەش بەهۆی قەبارەی کارەساتەکەوە. داوای لە ئەفغانییەکان و هەموو جیهانیش کرد یارمەتییەکانییان زیاتر بکەن.
وتی " کارەساتی سروشتی لە وڵاتانی دیکەش ڕوودەدات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی ئەو وڵاتانەی داوە، لێرە یارمەتی نەداوە. پێویستە بۆ ئەوان هەنگاوی زیاتر بگرنەبەر و لە پاڵ ئەفغانییەکاندا بوەستن."