Accessibility links

سوید نیگەرانە سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر سوتاندنی قورئان بەردەوام بێت


سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن
سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن

سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن دەڵێت " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو خۆپیشاندانانەی کە تیایاندا سوکایەتی بە قورئان دەکرێت، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی توڕەیی موسوڵمانەکاندا لەسەر سوکایەتیکردن بە کتێبی پیرۆزی ئیسلام.

هێرشەکان دژی قورئان لە سوید و دانیمارک بوونەتە هۆی توڕەبوونی چەندین وڵاتی موسوڵمان، لەوانەش تورکیا کە پێویستە پشتیوانی لە داواکەی سوید بکات بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

کریستەرسن بە دەزگای هەواڵی تی تی وت پۆلیسی وڵاتەکە چەندین داوای وەرگرتووە بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دیکە کە سوکایەتیکردن بە قورئان لە پلانەکانییاندایە.

وتی " ئەگەر مۆڵەتییان پێبدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی چەند ڕۆژێک دەبینەوە کە مەترسییەکی ڕوون دەبێت لەسەر ڕوودانی شتێکی مەترسیدار. من زۆر نیگەرانم سەبارەت بەوەی ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی ڕوودانی چی شتێک."

لە 20 ی مانگی حەوتدا خۆپیشاندەران لە بەغدادی پایتەختی عێراق هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە شارەکەدا و سوتاندییان.

کریستەرسن وتی بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندانەکان یاخود ڕەت کردنەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ پۆلیس.

دانیمارک و سوید دەڵێن سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان دەکەن بەڵام ناتوانن ڕێگری لێبکەن، ئەوەش بەهۆی یاساکانی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕینەوە.

سوید وڵاتانی دیکەی وەکو ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی یاریکردن بە قەیرانەکە تاوەکو زیان بە بەرژەوەندییەکانی سوید و داواکەی بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە بگەیەنن.

وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیڵسترۆم بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەندێک وڵات پێیان وایە سوید لە پشت ئەمەوەیە، ئێمە لە پشت ئەمەوە نین."

وتی " ئەم کارانە لەلایەن تاکەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە چوارچێوەی یاساکانی ئازادی ڕادەربڕیندا ئەنجام دەدرێن."

وتیشی لەسەر ئەم قەیرانەی ئێستا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران و جەزائیر و لوبنان و ئەوانی دیکە و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشیشدا.

بیڵسترۆم وتی " هەر ئێستا لەگەڵ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی وڵاتانی ئیسلامیشدا قسە دەکەم."

وتی " تاوتوێی ئەم کێشانە دەکەین و گرنگە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەمە کێشەیەکی درێژخایەنە، چارەسەری خێرا بوونی نیە."

حکومەتی سوید ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس بووەتەوە لە هاوسەنگیکردن لە نێوان داکۆکیکردن لە یاساکانی ئازادی ڕادەربڕین و خۆبەدوورگرتن لە ئەگەری بێڕێزیکردن بەرامبەر موسوڵمانان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG