وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وەزارەتەکە بانگی باڵیۆزی سویدی لە وڵاتەکە کردووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی لێدوانەکانی وەزیری خوێندنی سوید دژی ئێران.
وەزارەتەکە وتی بە فەڕمی ناڕەزایی دەربڕیوە لەسەر " بەیاننامە نەگونجاو و بێ بنەماکەی وەزیری خوێندنی سوید دژی کۆماری ئیسلامی ئێران."
وەزارەتەکە وتی بە باڵیۆزی سوید ماثیاس ئۆریستێدتی وتووە کە لێدوانەکان " پێچەوانەی ستانداردەکانی یاسای نێودەوڵەتی و بەها دیبلۆماتییەکان بوون."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت وەزیری خوێندنی سوید یۆهان فیرسن لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی سویدیدا ئێرانی بەراورد کرد بە " دەوڵەتێکی بەدڕەوشت."
فیرسن وتی " ئێران دەوڵەتێکی بەدڕەوشتە کە زۆرێک لە سویدییەکان هەڵاتوون لێی. ڕق لێبوونەوە لە ژن و هەستی دژە جوو و پشتیوانیکردنییان لە تیرۆر بە دامەزراوەیی کردووە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە وتی لێدوانەکانی وەزیرەکەی سوید " جێی قبووڵکردن نین و دوورن لە ڕاستی و ڕاستەقینەوە."
بانگکردنە دیبلۆماتییەکان دوای ئەوە دێن حکومەتی سوید ڕۆژی هەینی داوای لە تاران کرد ئەحمەدڕەزا جەلالی ئازاد بکات، کە ئەکادیمییەکی ئێرانی سویدییە و لە ساڵی 2017 دا دوای ئەوەی بە تۆمەتی سیخوڕی تۆمەتبار کرا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە.
سوید داوای " دەستبەجێ ئازادکردنی جەلالی کرد لەسەر بنەمای مرۆیی بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێزانەکەی شاد ببێتەوە." هەروەها داوای کرد " جەلالی دەستبەجێ دەستی بگات بە چاودێری تەندروستی کە زۆر پێویستییەتی."
جەلالی لە کاتێکدا کە لە زینداندا بووە ڕەگەزنامەی سویدی پێدراوە، لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا ستۆکهۆڵمی تۆمەتبار کرد بەوەی کاری پێویستی نەکردووە بۆ ئازادکردنی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس